ڕووسیا كۆتایی بە مەشقی سەربازیی دژە ژێر ئاوی لە دەریای نەرویج هێنا
ئاژانسی ڕۆیتەرز هەواڵێكی بڵاوكردەوە كە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە كە کەشتییە جەنگییەکانی کەشتیگەلی باکووری ڕووسیا مەشقێکی سەربازیی دژە ژێرئاوگەرییان لە دەریای نەرویج تەواو کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی مەشقێکی سەربازیی دەریایی فراوانتری ڕووسیادایە لەنێوەندی گرژییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆ.
ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكاش لە درێژەی ئەم هەواڵەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە جووڵە سەربازییەکانی ڕووسیا لە نزیکەوە لەلایەن ڕۆژئاواوە چاودێری دەکرێن، لەکاتێکدا کە ڕووسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و نیگەرانی لە هەڵگیرسانی جەنگ، لەلای خۆشیەوە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای هەبێت.
جێگەی باسە مەشقە سەربازییە دەریاییەکانی ڕووسیا زیاتر لە 140 کەشتی جەنگی لە سەرجەم کەشتیگەلەکانیەوە لە زەریای ئەتڵەسی و هێمن و باکوور و دەریای ئۆخۆتسک و ناوەند لەخۆدەگرێت.