یەکەم سەردانی سەرۆک كۆماری ئیسرائیل بۆ ئیمارات

یەکەم سەردانی سەرۆک كۆماری ئیسرائیل بۆ ئیمارات

 

ڕۆژی یەکشەممە 30ی کانوونی دووەم، ئیسحاق هێرتزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل بە سەردانێكی دوو ڕۆژی گەیشتە ئیمارات ئەو كە لەسەر بانگهێشتی شازادەی ئەبوزەبی محەمەد بن زاید ئەلنەهیان ( سەرۆكی ئەركانی ئەو وڵاتە ) چووەتە ئیمارات لەگەڵ هاوسەرەكەی لە فڕۆكەخانەی ئەبوزەبی لەلایەن وەزیری دەرەوە پێشوازیان لێکرا.

ئیمارات و بەحرەین یەکەم دەوڵەتی کەنداو بوون کە لە ساڵی 2020دا پەیوەندی فەرمیان لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست کرد. ئەم پێشکەوتنە سیاسییە گرنگە لە چوارچێوەی پەیماننامەکاندا بە ناوی "پەیماننامەی ئیبراهیم" لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترامپەوە ڕوویدا.

 لە ئیسرائیل سەرۆک ڕۆڵێکی ڕێوڕەسمی زیاتر دەبینێت، بەڵام مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چووەتە ئیمارات و تێیدا باسیان لە "هەڕەشەی ئێران" كرد.

ئیسحاق هێرتزۆگ پێش ئەوەی بەرەو ئەبوزەبی بەڕێ بكەوێت گوتی: کە لەم گەشتە مێژووییەدا پەیامی ئاشتی بۆ هەموو ناوچەکە هەڵدەگرێت. باڵیۆزی ئیمارات لە ئیسرائیل نوسیویەتی لەو گەشتەدا " ڕێككەوتننامەی بازرگانیی گرنگ ئیمزا دەکرێن" .

دوای ئەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دامەزرا لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی 200 هەزار ئیسرائیلی سەردانی ئیماراتیان کرد و نزیکەی 40 کۆمپانیای ئیسرائیلی لە ئیمارات نیشتەجێ بوون.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top