ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەیشتە 4 هەزار و 47 کەس
وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ٤ هەزار و ٤٧ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەیروت، فیراس ئەبیاد وەزیری تەندروستی لوبنان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: کە لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، چوار هەزار و ٤٧ کەس کوژراون کە ٣١٦ منداڵ و ٧٩٠ ئافرەتیان تێدایە. و ١٦ هەزار و ٦٣٨ی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە بریندارەکان 1456 منداڵن و 3357 ئافرەتن کە لەو هێرشانە ڕزگاریان بووە.
ئەبیاد ئاماژەی بەوەدا، کە ئیسرائیل بە ئاشکرا کەرتی چاودێری تەندروستی کردۆتە ئامانج و ئیسرائیل 67 نەخۆشخانەی کردۆتە ئامانج کە 40 نەخۆشخانەیان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.
ڕوونیشی کردەوە: 7 نەخۆشخانە کە بریتین لە بنت جەبیر، سەڵاح غەندوور، مەرجەعیون، میس ئەلجەبەل، بەهمەن و ئەلبورج داخراون. جگە لەوەش ئەم هێرشانە بووە هۆی شەهیدبوونی ١٦ کەس و برینداربوونی ٧٣ کەس.
گوڵان: سەردار خەلیل