لە ئەنجامی تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی ٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا
بەهۆی تەقینەوەی تانکەرێكی سووتەمەنی لە ویلایەتی نیجەر لە نەیجیریا لانیکەم ٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
دەزگای بەڕێوەبردنی فریاکەوتنی نەیجیریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: تا ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لە 76 تەرم دۆزراونەتەوە و 56 کەسیش برینداربوون و زیاتر لە 15 دوکان سوتاون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزی ئەمنی و فریاگوزارییەکان، ڕووداوەکە لەکاتی وەرگەڕانی تانکەرێک بووە و خەڵکی ناوچەکە بەمەبەستی کۆکردنەوە و دزینی سووتەمەنی چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زۆربەی قوربانییەکان خەڵکی هەژاری ناوخۆیی بوون کە بۆ کۆکردنەوەی سووتەمەنی لەوێ بوون.
دەزگای بەڕێوەبردنی فریاکەوتن ئاماژەی بەوەشکرد، كە بریندارەکان بۆ چارەسەرکردن گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان و هەوڵی چاکبوونەوەیان دەدرێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە نەیجیریا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ڕووداوێکی هاوشێوەی لە ویلایەتی جیگاوا بەخۆیەوە بینیوە. لەو ڕووداوەدا تەقینەوەی تانکەرێکی سووتەمەنی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٤٧ کەس و وەک یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی نەیجیریا تۆمارکرا.
گوڵان: سەردار خەلیل