سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردە ئەوروپیەکان باس لەسزادانی ڕووسیا دەکات لەئەگەر هێرشكردنە سەر ئۆکرانیا

سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردە ئەوروپیەکان باس لەسزادانی ڕووسیا دەکات لەئەگەر هێرشكردنە سەر ئۆکرانیا

 

 

 

 

جۆ بایدن سەرۆک ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە وتووێژی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا کرد، سەبارەت بە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕێگرتن لە هێرشی زیاتری ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لەوانە بە سەپاندنی سزای "گەورە" بەسەر مۆسکۆ و سەپاندنی تێچووی گەورەی ئابووری لە ئەگەری هێرشكردنە سەر ئۆکراینا .

بەوتەی کۆشکی سپی جۆبایدن لە گرتە ڤیدیۆیەكدا باسی لە بوونی سەربازی ڕوسیای لە دەوروبەری ئۆکرانیا لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان كرد، لەو گفتوگۆیەدا سەرکردەکان نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە زیادبوونی هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا لە نزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند: کە پشتیوانی سەروەری ئۆکرانیا و تەواوی خاکیان دەكەن .

کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بەم دیدارە ڤیدیۆییە و گوتی: پەیوەندیەکە جەختی لە خواستی سەرکردەکان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناكۆكییە دیبلۆماسییەی ئێستا لەسەر ئۆکرانیا هەیە و ئەوان پێداچوونەوەیان بە پەیوەندیەکانی ئەم دواییانە لەگەڵ ڕووسیا کردووە.

کۆشکی سپی دەڵێت سەرکردەکانیش باسیان لە پتەوکردنی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ کردووە.

ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا و سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەڕیزی ئەو سەرۆکانەدا بوون کە بەشدارییان لەڤیدیۆی چاوپێکەوتن لەگەڵ جۆبایدن کردووە.

لە کاتێکدا قەیرانەکە بەرزدەبێتەوە لەسەر زیاد بوونی هێزی سەربازیی ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا، جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: کە ئەمەریکا هەشت هەزار و 500 سەربازی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا داناوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

 

Top