تەقینەوەی سێ بارهەڵگری سووتەمەنی لە ئەبوزەبی، چەندین قوربانیی لێ كەوتەوە

تەقینەوەی سێ بارهەڵگری سووتەمەنی لە ئەبوزەبی، چەندین قوربانیی لێ كەوتەوە

 

 

بەهۆی تەقینەوەی سێ بارهەڵگری سووتەمەنی لە ئیمارات و ئاگر كەوتنەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی سێ کەس کوژران.

تەقینەوەکان ڕۆژی دووشەممە ڕوویدا و حووسییەکان لە یەمەن کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن گوتیان: لە قوڵایی ئیماراتدا هێرشێکیان ئەنجام داوە. 

حووسییەکان کە شەڕ لەگەڵ هاوپەیمانێتیەکی سعودیە دەکەن بە ئیماراتەوە، چەندین جار موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر عەرەبستانی سعودییە ئەنجامداوە ئاژانسی هەواڵی "وام "ی دەوڵەتی ئیمارات ڕایگەیاندوە: بەهۆی تەقینەوەی سێ تانکەری سووتەمەنی لە ناوچەیەکی پیشەسازی لە نزیک عەمبارەکانی کۆمپانیایەکی نەوت، سێ کەس کوژران و شەش کەسیش برینداربوون، ئاژانسەكە دەشڵێت: کوژراوەکان دوو هیندی و یەک پاکستانین.

پۆلیسی ئەبوزەبی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بەشێک لە فڕۆکەیەکی بچووک دۆزراوەتەوە کە ئەگەری هەیە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بێت کە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتووەتەوە.

وتەبێژێکی میلیشیای شیعەکانی حووسیش ڕایگەیاند: کە ئەم گروپە ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی لە "قوڵایی ئیمارات" دەستپێکردوە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وردەکارییەکان ڕادەگەیەنێت.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی ڕەنگە هێرشەکە گرژییەکانی نێوان ئیمارات و ئێران زیاتر بکات، لە کاتێکدا ئەبوزەبی بەم دواییانە پەیوەندی لەگەڵ تاراندا دروست کرد، ئیمارات دەیهەوێت ڕێگری لە ناکۆکی هەرێمی بكات کە زیان بە ئابووریی دەگەیێنێت.

شەڕی یەمەن لە ناوچەکەدا بەشێوەیەكی سەرەكی وەک شەڕی بەوەکالەتی لە نێوان سعودیە و ئێران دەبینرێت، بەرپرسێکی باڵای ئیمارات مانگی ڕابردوو بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ  لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی سەرسەختی ئێران بەمەبەستی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات سەردانی تارانی کردبوو.

ئەم ڕووداوانە هاوکات بوون لەگەڵ سەردانەکەی مون جەی ئین سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ ئیمارات، بەرپرسێکی حکومەتی کۆریای باشوور گوتی: کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراو لە نێوان مون جەی ئین و شازادەی ئەبوزەبی بەهۆی "كێشەیەكی چاوەڕوان نەکراو و بەپەلەی حکومەتەوە هەڵوەشایەوە "

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top