سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى به‌ريتانيا دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن
به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2022/1/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز مارك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له عيراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى په‌رله‌مانى عيراق، گفتوگۆى لايه‌نه‌كان بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمار و پێكهێنانى حكوومه‌ت، په‌يوه‌نديه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له گرنگى و پێويستيى سه‌قامگيريى سياسى له عيراق و هه‌بوونى متمانه و تێگه‌يشتنى هاوبه‌شیی لايه‌ن و پێكهاته‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى سياسى و ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ وڵات كرده‌وه.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كهه‌ڵوێستى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا و هيوايان خواست گفتوگۆ و هه‌وڵى هێزه سياسييه‌كان و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و سه‌قامگيريى سياسى له‌گه‌ڵ خۆي‌دا بهێنێت، باسيان له‌وه‌ش كرد كه دۆستانى عيراق به بايه‌خه‌وه له گفتوگۆى لايه‌نه عيراقييه‌كان ده‌ڕوانن.
به‌ڕێز باڵيۆزى به‌ريتانيا له عيراق پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به به‌رده‌واميى كاركردن له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له پرۆسه‌ى چاكسازيى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا كرد و به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه ده‌ربڕى.
پێشهاته ئه‌منييه‌كانى ئه‌م دواييه و به‌ئامانجگرتنى باره‌گاى نێرده ديپلۆماسييه‌كان و باره‌گاى لايه‌نه سياسييه‌كان له به‌غدا، دۆخى په‌تاى كۆڤيد_19، پرسى كۆچ و دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه تيايدا به‌ڕێزان و كونسولى گشتى و ڕاوێژكارى به‌رگرى له كونسولخانه‌ى گشتيى به‌ريتانيا له هه‌ولێر ئاماده بوون.