وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

 وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

ڕۆژی دووشەممە (١٠ی١ی ٢٠٢٢) دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندنی ساڵی (٢٠٢١ -٢٠٢٢) ئەنجامدەدرێت، بەو بۆنەیەوە وێڕای سوپاسکردنی تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە کەوەرزی یەکەمی خوێندنیان بە سەرکەوتوانە کۆتایی پێ هێنا، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە (حکومی و ناحکومی) ئاگادار دەکەینەوە کە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، بەستنی ماسک بۆ ستافی کارگێریی و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لەکاتی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن ئیلزامییە و لەگەڵ تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک بە ڤایرۆسی (ئۆمیکرۆن) دەبێت رێکارەکانی خۆپارێزیی لەئاستێکی زۆر باشدا جێبەجێبکرێن. بۆیە پێویستە سەرپەرشتیاری هاورێی رەخنەگری قوتابخانە لەکاتی سەردانیکردنی ناوەندەکانی خوێندن لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنی وەرزی دووەم بە دواداچوون لەسەر ئەم بابەتە بکەن و ئاستی پابەندبوونی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بدەنە پەروەردەی قەزاکان. بۆ مەبەستی خۆپارێزیی وەزارەتی پەروەردە لە چەند هەفتەی رابردوو زیاتر لە ( ١٧٥٠٠٠٠) یەک ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا هەزار ماسک و (٦٧٠٠ ) شەش هەزار و حەوت سەد پاککەرەوە ( معقم ) بەسەر پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان وئیدارەسەربەخۆکان دابەشکردووە.

بەهیوای سەلامەتیی و تەندروست ساغیتان.

راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
٦ی ١ی ٢٠٢٢

Top