كێشەی پارەو ئابووری نێوان ئیخوانی موسلیمینی لەندەن و ئەنقەرە قووڵتر دەبێتەوە
كێشەو ناكۆكی و دابەشبوونی ئیخوانی موسلیمین لەزۆربەی وڵاتاندا بەهۆی ململانێ و دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەدا لەئەنقەرەو لەندەن بووەتە هۆی پارچەپارچە بوونیان و دابەشبوونی سەرچاوەكانی داراییان، بەڕادەیەك كێشەكانیان بەرەو دژایەتیكردنی یەكتر رۆشتووەو بووەتە هۆی ئاشكرابوونی سەرچاوەی دارایی گەورە لەنێوخۆی وڵاتان و دەرەوەدا. بەمەش بیزنسكارو وەبەرهێنەرانەی نزیكن لە ئیخوانی موسلیمین و چەندین ساڵە سەرچاوەی گرنگی داهات و تەمویلكردنی گروپەكانی ئیخوان بوون مەترسی ئاشكرابوونیان هەیە و لە تەمویلكردنی ئیخوان بەشیمان بوونەتەوە، بەمەش لەماوەیەكی نزیكدا گرفت و كێشەی گەورەی دارایی و ئابووری ئیخوانەكان دەست پێ دەكات، ناكۆكییە قوڵەكانی باڵەكانی ئیخوان كاریگەریی لەسەر ئەو هاوڵاتیانەش هەیە كە لەوڵاتانی پێشكەوتوو كار دەكەن و لەرێگی گروپەكانی ئیخوانەوە نێردراونەتە دەرەوە و كاریان بۆ دۆزراوەتەوە لەبەرامبەر پێشكەشكردنی بڕە پارەیەك بۆ رێكخستنەكانی ئیخوان.
گەورە وەبەرهێنەرەكانی ئیخوانەكان لەرێگەی تێكەڵبوونیان لەگەڵ گەورە وەبەرهێنەرەكانی سەر بەحزبە حوكمڕانیەكان پارەو بودجەیەكی گەورەیان پێك هێناوەو پاڵپشتی دارایی گەورەی گروپەكانی ئیخوان دەكەن، بەتایبەتی لەوڵاتانی مالیزیا و بەریتانیا و توركیا و میسرو ژمارەیەك لەوڵاتانی دیكەی هەردوو كیشوەری ئەفریقیاو ئاسیا بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە سەقامگیری سیاسی تێدا نییە و ئیستغلالی بارودۆخەكەی دەكەن و دەستیان لەگەڵ چەندین گروپی چەكدارو رێكخراوی تیرۆرستی تێكەڵ كردووە ئەمە وێڕای ئەوەی لەرێگەی ژمارەیەك لە سیاسەتمەدارەكانەوە وەبەرهێنەرە ئیخوانەكان پارەو داهاتەكانیان تێكەڵ كردووەو سوودیان لەنەبوونی یاساو غیابی دەزگا چاودێرە دارایی و ئابوورییەكان وەرگرتووە.