سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندێكى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندێكى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌رباره‌ى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عيراق دۆخێكى تايبه‌تى هه‌يه‌ و هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان، به‌ڵكوو وه‌ك هه‌ميشه‌ فاكته‌رێكى يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى واقعييانه‌ى كێشه‌كان و گه‌يشتن به‌ هاوبه‌شييه‌كى ڕاسته‌قينه‌ى نێوان لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/12/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگيى لايه‌نه شيعييه‌كان به‌ سه‌رۆكايه‌تيى به‌ڕێز نوورى ئه‌لمالكى‌ كرد.

له‌ ديدارێكدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عيراق، هه‌ڵبژاردنى 10ى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و نيگه‌رانيى ئه‌و لايه‌نانه‌ى له‌ ئه‌نجامه‌كانى ناڕازين، پرۆسه‌ى ياسايى و تانه‌دان له‌ ئه‌نجامه‌كانى تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ وێڕاى ناڕه‌زايى و تێبينييه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، دۆخ و ته‌حه‌دييه‌كانى وڵات به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان به‌ ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌نديى گشتى و داهاتووى وڵات، بگه‌نه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ و دامه‌زراندنى حكوومه‌تێك‌ كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكاريى هاووڵاتيان بێت، بتوانێت به‌ره‌وڕووى ته‌حه‌دييه‌كانى ئێستا و داهاتووى وڵات ببێته‌وه و ئارامى و سه‌قامگيرى بپارێزێت

كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌رنامه‌ى كارى شانده‌كه‌ و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان، چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

Top