ڕاگەیاندن و كۆچ

ڕاگەیاندن و كۆچ

 

لەگەڵ قوتابیەكانم زۆرجار پێش دەستكردن بە وانەی سەرەكیی ڕۆژ، هەندێك پرسیار دەورووژێنین كە نزیك بێت لە بابەتەكەی وانەی ئەو ڕۆژەوە. لەم هەفتەیەدا پرسی كۆچ و كاریگەریی ڕاگەیاندنمان ورووژاند. هەر یەكەیان هۆكارێكی وت، هەموو هۆكارەكانم بۆ دانان لە سەر تەختەكە و وتم: بۆ كەستان باسی ڕاگەیاندنتان نەكرد؟ هەموو وتیان مامۆستا ئێمەی گەنج كوا سەیری ڕاگەیاندن دەكەین، تا هانمان بدات بۆ كۆچ. ئەڵبەتە ئەوان مەبەستیان لە سەیركردنی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ بوو، بیریان چووبوو كە هەموو جۆری ڕاگەیاندن لە ناو مۆبایلەكەی دەستیاندایە، هەموو بابەتەكان بە ڤیدیۆ، یان سكرین شۆت كورت دەكرێتەوە و، هەرچی ئەو مۆبایلەكەی دەكاتەوە، بەركەوتەی دەبێت.

 من لەم باسەدا، باسی ئەو كاریگەرییانە ناكەم كە لە ڕێگەی گرتەی ڤیدیۆیەكەوە هاوڕێكانیان، یان لە ڕێگای كۆچ، یان گەیشتنیان بە ئەوروپا و گوزەرانیان دەگوازنەوە بۆ هاوڕێكانیان، یان ئەو بەرنامانەی كە تاك بێ ئومێد دەكات لە خۆشەویستیی نیشتمان و ڕقی لێی دەبێتەوە و، وەك گەنج خۆیان دەڵێن، ئایندەیان لە بەرچاویان لێڵ دەكات. من دەمەوێت بچمە سەر میدیای گڵۆباڵی و ئەو بەركەوتەی كە ئەم هەرێمە لە ماوی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی شاشەیەكەوە گڵۆباڵ و هەموو جیهانی بە تاك و گەنج ناساندووە. ئەوەی ئەمڕۆ ٣٠ ساڵە تەمەنی، یان كەمتر لە ڕێگەی گەیمەكان و فیلمەكان و زۆرێك بەرنامەی تری كاتبەسەربەری كەناڵە جیهانییەكان لە خەیاڵدا لە ناو ئەو جیهانە گەورە بووە، بە كۆڵان و شەقامەكان و باخ و بێستان و چیرۆكی ژیانی ناو دراما و ئەو بابەتە تەلەفزیۆنییانە زیاتر ئاشنایە، تا هی نیشتمانەكەی خۆی. ئەمە ئەجندا و پلانی میدیای گڵۆباڵییە كە وەرگری گڵۆباڵی دروست بكات و، بیركردنەوەی گڵۆباڵی هەبێت و، خۆی بە بەشێك لە گڵۆباڵ بزانێت و، لە خەیاڵدا لە ناو گڵۆباڵ بژی و ئایدیای گڵۆباڵی بداتێ، تاكو دواجار بیكاتە كڕیاری گڵۆباڵی و لە سەرتاسەری جیهان یەك جۆر كڕیار بۆ شتومەك و كاڵا و بیرە جیهانییەكان دروست بكەن، هەروەها هەمیشە كار دەكات بۆ ئەوەی تاك هەڵكەنێت لە لۆكاڵی لە بیركردنەوەی ڕەفتاری، وابەستەیی بە خاك و كەلتووری نیشتمانەكەی خۆی. ئەم مەترسییە ئێمە هەستمان پێ نەكرد، بەڵام وڵاتانی پێشكەوتوو لە بناغەی بوونی كەناڵی ڕاگەیاندن، كاریان كرد بە بەرهەمی ناوخۆ هاووڵاتیانیان وابەستە بكەن بە خۆشەویستیی خاك و نیشتمان، كۆڵانەكان و شەقامەكانی و ژیان و گوزەرانی وڵاتەكەی خۆیان بۆ بەرهەم بینینی تاك و تاك لە خەیاڵ و لە واقیع لە یەك جیهان بژی. نەك لە ڕاگەیاندن لە ژیانێكدا دەژی، كە نەك ژیانی وڵاتانی پێشكەوتووە، بەڵكو دراماكە یان بەرنامەكە وێنە و ژیانە هەرە خۆشەكانی ئەو وڵاتانەش پیشان دەدات. كاتێك تاك لەگەڵ ئەمەدا بە خەیاڵ گەورە بوو، بەڵام لە واقیعدا ژیانەكەی خۆی جیاوازە لەمە، ئیتر حەز دەكات، كۆچ بكات بۆ لای ئەو خەیاڵە. نموونەیەكی تر كە لەگەڵ قوتابیەكانم باسم كرد، وتم: هەریەكەتان نزیكی چەند كاتژمێر گەیم و یارییەكانی پلەیستەیشن و ئێكس بۆكس و...هتد-تان كردووە؟ ئەیانوت نازانین لە منداڵییەوە بەردەوامین. هەیانبوو ئەیوت هەر لەگەڵ ئەو یارییانە گەورە بووم. وتم: كۆڵان و شەقام و ژیانی ناو یارییەكان هی كوێیە؟ وتیان وەڵا هەمووی ئەوروپا و وڵاتە خۆشەكان و ئەمریكایە. وتم: كەواتە ڕەنگە هەتانبێت زۆرتر لە ناو ئەو شار و شەقامانە ژیابێت كە لە گەیمەكان هەیە، وەك لە كۆڵان و شەقامەكانی شارەكەی خۆتان؟ وتیان وەڵا وایە. ئەگەر تاكێك ئاوا لە منداڵییەوە ئاشنای ژیانێكی تر بێت، ئاسانە تۆ بتەوێت بە واقیع لە ژیانێكی تر دایبنێیت. میدیای گڵۆباڵی هەموو جیهانی خستووەتە مێشكیەوە، مێشكی فراوان كردووە، زۆر شوێن هەیە لە مێشكیدا كە بۆی كردووەتە ژیانێكی خەیاڵی، ئەمە لە واقیع نابینێت. جگە لەو ئایدیا و ڕەفتارانەی كە فێری دەبێت لە بەردەم ئەو ڕاگەیاندن و گەیمانە، كە زۆربەیان پراكتیزە ناكرێن لە واقیعی كۆمەڵگەی كوردی ئەمڕۆ، بۆیە ئەم تاكە دەیەوێت بچێت ئەو جیهانە ببینێت كە لە مێشكیدایە.

بی بی سی ناوخۆیی بەریتانیا سێ درامای تەلەفزیۆنی هەیە، یەكێكیان لە ١٩٦٨ـەوە بەردەوامە، دووانەكەی تریان لە ساڵەكانی هەشتاكانەوە. هەفتانە ئەم درامایانە چەند زنجیرەیەك بەرهەم دێنن و پەخشی دەكەن. هەر سێ ئەم دراما درێژخایەنانە كار لەسەر ئەوە دەكەن، ژیان و كەلتوور و واقیعی ڕۆژانەی ناو بەریتانیا دەكەنەوە بە فیلم بۆ ئەوەی تاك ئەوەی لە ژیانی واقیعدا دەژی، ڕۆژانە هەر ئەوەش لە تەلەفزیۆن ببینێت، خەیاڵ و واقیعی یەك شت بن. ئەمانە بۆ دەكەن، كە ملیار دۆلار ڕەنگە خەرجی ئەم درامایانە بن، هیچیشیان بازرگانی نین و سپۆنسەریان نییە و ڕیكلام ناكرێت لە نێوانیان تاكو پارە پەیدا بكەن، بەڵكو تەنیا بۆ پەروەردەی تاكە و نەهێشتنی كەوتنە بەر كاریگەریی تاك بە میدیای دەرەوەی خۆیانە.

میدیا گڵۆباڵی، میدیای بازرگانی، خۆ پێشكەوتن ناگوێزێتەوە بۆ جیهان، داهێنانەكان خۆیان دەیكەن، ئێمە فێر ناكەن، بەڵكو دەیەوێت بتكاتە بەكاربەری ساغكردنەوەی كاڵان. ئا لێرەوە ئەگەر سەیر بكەین، دەبینین تاك مافیەتی بڕوات ئەو جیهانە ببینێت كە لەگەڵیدا ژیاوە لە ڕاگەیاندنەكان و گەیمەكان، دەیەوێت بچێتە شوێنیك ئەو ڕەفتارانە بكات كە فێری بووە لە دراماكان و گەیمەكان و لێرە كەلتوور و دابونەریت ناهێڵێت بیكات. دەیەوێت بڕوات ئەو جیهانە ببینێت كە لە منداڵییەوە بینیویەتی و خولیایەتی بچێتە ناو ئەو جیهانە بە واقیعی. ڕاگەیاندن و تەكنەلۆژیا هەموو جیهانی خستووەتە ناو مێشكی و مۆبایلەكەی دەستی، ئێمەش دەمانەوێت لە چوارچێوەی ژوورەكەی خۆی، یان كۆڵان و شارە بچووكەكەی خۆی بیهێڵینەوە، ئەوەش ئەستەمە.

 

Top