ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە ڕووسیا لە دەرەنجامێکی مەترسیدار ئەگەر ئۆکرانیا داگیربکات
ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەیدا كردووەو دوای ئەوە ڕایگەیاندووە كە ڕووسیا ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی مەترسیداردەبێتەوە ئەگەر پەلاماری ئۆکرانیا بدات.
بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەم پەیوەندییە تەلەفونییەدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیادا ، بێربۆک داوای گفتوگۆیەکی کراوە و ڕاستگۆیانەی کردووە لەگەڵ ڕووسیادا پەیوەست بە قەیرانەکانی ئۆکرانیا.
لە لایەكی دیكەوە بێربۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کە لەوێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید و نەرویجدا کۆبووەوە ئاماژەی بەوە كردبوو كە هەر جۆرە دەستوەردانێک لە سەروەریی خاکی ئۆکرانیادا، دەرەنجامێکی گەورەی ئابووری و سیاسیی لێدەکەوێتەوە بۆسەر وڵاتی ڕووسیا.
شایانی باسە ئەمە یەكەمین پەیوەندیی تەلەفونییە كە بە ئاشكرا نێوان ڕووسیا و ئەڵمانیا ئەنجام دراوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو حکومەتە هاوبەشەکەی ڕاوێژکاری نوێی ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەست بەکاربوو.