یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئیمارات
ئەمڕۆ دووشەممە نەفتالی بینت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گەشتێکی مێژووییدا گەیشتە ئیمارات، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە بۆ وڵاتی ئیمارات و بڕیار وایە لەگەڵ شازادەی ئەبوزەبی محەمەد بن زاید ئال نهیان کۆدەبێتەوە و لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی و زیادکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا قسە بکەن.
ئەم سەردانە لەميانی ئەو گرژییانەی نێوان هەرێمەكان دێت كە زلهێزانی جیهان بەدوای بووژاندنەوەی ڕێكکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێرانن، ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی نیگەرانیی هاوبەشییان هەیە سەبارەت بە چالاکییەكانی ناوکی ئێران لە ناوچەکەدا.
لەساڵی 2020دا ئیمارات دەستی کرد بەئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئیمارات لەگەڵ بەحرەین و سوودان و مەغریب دەستپێشخەریی ئەمریکایان لەژێر سایەی پەیمانی ئیبراهیمدا گرتەبەر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرائیل.
پاشان ئیمارات وەک سێیەم وڵاتی عەرەبی دوای ئوردن و میسر باڵیۆزخانەی خۆی لە ئیسرائیل کردەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووری و تەندروستی و ئاسمانیدا فراوان بوون.
گوڵان: سەردار خەلیل