سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بواری هونه‌ری و كولتووری لە كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بواری هونه‌ری و كولتووری لە كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی دیسەمبەری 2021 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یادی 100 ساڵەی سەرهەڵدانی شانۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو .
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوانی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بوار شانۆ و هونه‌ری و كولتووری دووپات ده‌كاته‌وه‌ و به‌ پێی تواناكانی حكومه‌ت، درێغی ناكه‌ین له‌ هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌ هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌كان.


ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتە :
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
به‌ڕێزان ئاماده‌بووانی هێژا
شانۆكاران، هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران، زۆر بەخێر بێن.
خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم کە ئه‌مڕۆ لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ له‌م بۆنه‌یه‌ بەشدارم، تا یادی ئه‌و بۆنه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌مڕۆ‌ یادی سه‌‌د ساڵه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی بزاڤی شانۆیی‌ له‌ شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 1921  له‌ قوتابخانه‌ی ئه‌ربیل ئه‌لئولا نمایشكراوه‌، كه‌ به‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ له‌ هه‌ولێر و كوردستان داده‌نرێت، ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌رانی ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌م كه‌ هه‌وڵێكه‌ به‌ ئاراسته‌ی زیندووڕاگرتن و یادكردنه‌وه‌ی مێژووی دێرینی شاری هه‌ولێر كه‌ وه‌ك ده‌زانین یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین شاره‌كانی جیهان كه‌ ژیان و نیشته‌جێبوون تێیدا به‌رده‌وامه‌.
دیاره‌ یه‌كه‌م شانۆگه‌ری له‌ هه‌ولێر، له‌ باره‌ی ژیان و ئازایه‌تی و دادپه‌ره‌وه‌ریی سه‌ركرده‌ی كورد سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یوبی بووه‌، كه‌ به‌ پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان خه‌ڵكی گوندی (دوین)ی نزیك شارۆچكه‌ی پیرمامی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌ و دواتر كۆچیان كردووه‌ بۆ شاری تكریت.
بێگومان شانۆ، یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین و كۆنترین هونه‌ره‌كانی جیهان، كه‌ هه‌زاران ساڵ پێش زایین هه‌بووه‌ و ئاوێنه‌ی خستنه‌ڕووی بارودۆخی واقیع و ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانی بووه‌. له‌سه‌رده‌می نوێشدا شانۆ له‌پاڵ هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا، ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت له‌ گه‌یاندنی چه‌ندین په‌یامی گرنگی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م هونه‌ره‌ گرنگه‌وه‌ شانۆكاران و هونه‌رمه‌ندانی كورد، چه‌ندین په‌یامی گرنگ و مرۆیی به‌ خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌یه‌نن، به‌تایبه‌تی له‌ خستنه‌ڕووی مێژووی گه‌لی كوردستان،‌ كه‌ له‌ درێژایی مێژوو دووچاری چه‌ندین كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید بووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌كرێت بابه‌تی چه‌ندین شانۆگه‌ریی گرنگ بێت، هه‌رچه‌نده‌ لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاماژه‌ به‌ چه‌ند ئه‌زموونێكی شانۆ له‌ سه‌رده‌می شۆڕشدا بده‌ین كه‌ ڕۆڵی گرنگییان هه‌بووه‌ له‌ ‌بره‌ودان به‌ هزری نیشتمانپه‌روه‌ری و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستان.
من بیرمه‌ كه‌ منداڵ بووین چه‌ند گه‌نجێكی خوێنگه‌رم، شانۆیه‌كیان له‌ باره‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر پێشكه‌شكرد، له‌و ته‌مه‌نە زۆر زۆر چێژم لێی بینی، دوای چه‌ندین ساڵ و دوای راپه‌ڕین، دیسان له‌ ده‌ڤه‌ری بیتوێن، چه‌ندین گه‌نجی خوێنگه‌رم به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ و ساكار، شانۆیه‌كیان له‌ده‌ره‌وه‌ پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ر كرد له‌سه‌ر ئه‌نفال و كیمیاباران، كوڕێكی زۆر ده‌نگخۆش، به‌ شێوازێك په‌یام و ئازاری ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌ هه‌موو ئاماده‌بووان گه‌یاند، كه‌ به ‌ڕاستی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤ ده‌كرد.
قسه‌كردن له‌سه‌ر شانۆ ، بۆ پسپۆڕان به‌جێده‌هێڵین، به‌ڵام بۆ ئێمه‌مانان شانۆ وه‌كو داهێنان یان وه‌كو بیره‌وه‌ری خۆشی و ناخۆشی ڕووداوه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ستی مرۆڤ ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكردووه‌، كاتێك شانۆ پێشكه‌ش ده‌كرێت، وه‌ك ته‌ماشاڤانێك هه‌ست ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ خۆشییه‌كانی دڵت خۆش ده‌بێت و له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌ ناخۆشه‌كانیش خه‌مگین ده‌بی، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ رووحییه‌ی نێوان شانۆكار و ته‌ماشاڤان گه‌وره‌یی ئه‌م هونه‌ره‌ پیشان ده‌دات.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوانی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بواری شانۆ و هونه‌ری و كولتووری لە كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌، به‌ پێی تواناكانی حكومه‌ت، درێغی ناكه‌ین له‌ هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌ هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ خۆتان ئاگادارن له‌ دوو ساڵی رابردوودا به‌هۆی قه‌یرانه‌كان هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخێكی سه‌ختدا بووه‌، تا ئێستاش نه‌مانتوانیوه‌ وه‌كو پێویست ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین.
به‌ڵام ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ بنیاتنانی ژێرخانێكی به‌هێزی ئابووری، گه‌شه‌پێدانی بواری كولتووری و گرنگیدان به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ و بایه‌خدان به‌ هونه‌ر، زۆر پێویست و گرنگن له‌ پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هۆشیار و پێشكه‌وتوودا.
بۆیه‌ له‌مڕووه‌وه‌ ئاماده‌یی ته‌واوی خۆمان، بۆ پاڵپشتیكردنی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، چاوه‌ڕوانیشمان له‌ هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیرانی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش به‌ پێشنیاز و تێبینی و پڕۆژه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان پشتیوان و هاوكاری به‌رنامه‌ی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ هاوكاری هه‌موو لایه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندووتر له‌ هه‌موو بواره‌كان ببه‌ین.
جارێكی دیكه‌ ده‌ستخۆشی له‌ ڕێكخه‌رانی ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌م، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ هونه‌رمه‌ند و شانۆكارانی كوردستان ده‌خوازم.

 
 
 
 
 
 
 
1
2
3
 

Top