سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دامەزراوەی دانیێل میتران دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دامەزراوەی دانیێل میتران دەکات


ئەمڕۆ سێشەممە 7ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جیلبێرت میتران کوڕی دۆستی دێرینی گەلی کوردستان خاتوو دانیێل میتران و سەرۆکی دامەزراوەی ( دانیێل میتران-فرانس لیبرتێ) کرد.
لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق ئێریک شۆڤالیێ ئامادەی بوو ، سەرۆکی حکومەت، بەڕێز و پێزانینەوە، باسی لە هەڵوێستی دۆستانە و پشتیوانیی خاتوو دانیێل میتران و فرانسوا میترانی کرد کە لە ڕۆژانی سەختدا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە، بۆیە هەمیشە، کردەوە و هەڵوێستە مێژووییەکانیان لە یادی گەلی کوردستان بە زیندوویی دەمێننەوە.
سەرۆکی دامەزراوەی ( دانیێل میتران-فرانس لیبرتێ)، ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی حکومەتی هەرێم، جێی هیوا و ئومێدە و ئامادەیی خۆشی، بۆ پشتیوانکردنی هەرێمی کوردستان، لە نێوەندە دیپلوماسییەکانی جیهاندا دووپات کردەوە.

Top