ئەمریكا ئاگاداری ڕووسیا دەكاتەوە لە نیازی هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا

ئەمریكا ئاگاداری ڕووسیا دەكاتەوە لە نیازی هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا

 

ئاژانسی فرانس پرێس  لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە کۆشکی سپی دووپاتی كردووەتەوە كە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات  ئەوا  ئەمریکا زیانێکی گەورەی ئابووری  بە ڕووسیا دەگەیەنێت و بوونی سەربازیشی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا زیاد دەکات، ئەم هەواڵەش پێش ئەو  پەیوەندییە دێت كە لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین ئەنجام درا.

 

لەلای خۆشیەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا دووپاتی كردووەتەوە كە  سەرۆکی ئەمەریکا بەخێرایی وردەکاریی گفتوگۆکەی لەگەڵ سەرۆكی ڕووسیا بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دەیان هەزاران سەربازی ڕووسی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکراون.

 

ئەو بەرپرسەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات جەختی لەوە كردووەتەوە كە  بایدن گوتوویەتی ئەگەر ڕووسیا بەردەوام بێت لە زیادکردنی گرژییە سەربازییەکان ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئاكامێكی زۆر خراپ بێت.

 

هەروەها ئاماژەی بەوە كردووە ئەگەر ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی ڕووسیا لەڕێی سەپاندنی سزای ئابوورییەوە.

 

لەلای خۆیەوە مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بکات و وڵاتانی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ورووژاندنی ڕەوشەکە، بەتایبەتی لەڕێی مەشقە سەربازییەکانیانەوە لە دەریای ڕەش.

 

جێی ئاماژەیە حكومەتی ئۆكرانیا بڵاوی كردووەتەوە كە  ڕووسیا نزیکەی نەوەد هەزار سەربازی خۆی لە سەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، كە ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕ.

 

Top