مەحموود محەمەد: لایەنەكان سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ

مەحموود محەمەد: لایەنەكان سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێ

ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەست بە گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەتی داھاتوو دەكرێت و لایەنە عێراقییەكان سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن. جەختیش دەكاتەوە، پارتی بەڵگەی لە بەردەستە كە بە دەستێوەردان دوو كورسییان لە دەست داوە. ھاوكات دەشڵێ، لە ھەموو حاڵەتێكدا پارتی لەگەڵ یەكڕیزیی نیشتیمانییە لەناو كورد.

 

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەست بە گفتوگۆكان دەكرێت بۆ پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، ھەر بۆیە چەند شاندێكی لایەنە سیاسییەكانی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆدەبنەوە.

 

سەبارەت بە كەمكردنەوەی دوو كورسیی پارتیش، مەحموود محەمەد ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا گرینگە تاوەكو ئێستا بابەتی كاندیدەكان و ئاكامی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای ئیتیحادییەوە یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە ئەو دوو كورسییەی پارتی بە ناھەق بۆ لایەنێكی تر ڕۆیشتووە و غەدر لەو دوو كاندیدە كراوە، بە پێی یاساش دەبێت ئەندام پەرلەمانەكان سوێندی یاسایی بخۆن لە دوای ئەوە ھەردوو كاندیدی ئێمە كە غەدریان لێ كراوە، دەتوانن لەوێ سكاڵای خۆیان تۆمار بكەن، ھاوكات لە دادگای ئیتیحادیش سكاڵای خۆیان تۆمار دەكەن كە ئەمەیان پێشتریش رووی داوە و تێیدا پارتی سەركەوتوو بووە لە سكاڵاكەی.

 

ئەو ئەندامەی مەكتەب سیاسیی پارتی دووپاتیشی كردەوە، ئێمە لە ڕاگەیاندراوەكەماندا باسمان لە لایەنێك نەكردووە، باس لەو ئالیەتە دەكەین كە تەداخول كراوە بۆ ئەوەی ئەو دوو كورسییە لە دەست ئێمە بچێت، بۆیە ڕایدەگەیەنم بەڵگەمان لە بەردەستە كە بە دەستێوەردان چۆن دوو كورسییمان لە دەست داوە، بە تایبەت لە مووسڵ فێڵێكی گەورە لە پارتی كراوە، چونكە ھەموو ئەنجامەكانی ناو سندووقەكان كە سێ جار ئەژمار كرابوونەوە، ھاوشێوەی دەنگی ئەلیكترۆنی بووە.

 

گوتەبێژی فەرمیی پارتی ئاماژە بەوەش دەكات، پارتی لەگەڵ یەكڕیزیی نیشتیمانییە لەناو كورد بۆ حكوومەتی داھاتوی عێراق لە ھەموو حاڵەتێكیشدا پێویستە كابینەیەك پێكبێنین ئەو لایەنانەی كە بەشدار دەبن لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، كارنامەیەك بێت ببێتە ھۆی ئەوەی ھەموو لایەنەكان لەسەری رێك بكەون، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەكی گشتی حكوومەتێكی وا پێك بێنین ھەموومان پێكەوە تێیدا ئیش بكەین.

 

ھەروەھا مەحموود محەمەد گوتیشی، ئەوەی ئێمە زۆر جەختی لەسەر دەكەینەوە جێبەجێكردنی دەستوورە وەكو ئەوەی كە ھەیە، نەوەك ھەندێك لە ماددەكانی لێ ھەڵبژێردرێت، ھاوكات ھەموو ئەو كێشە ھەڵواسراوانەی كە چەندین ساڵە لە نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی ماونەتەوە دەست بكرێت بە چارەسەركردنیان، چونكە ئەو كێشانە بۆخۆیان بەشێكن لەو گرژیانەی كە بەردەوام لە عێراقدا روو دەدەن و نەتوانراوە چارەسەری كێشەكان بكرێت.

Top