سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: په‌لاماری داعش کاردانەوەی توند و خێرای ده‌وێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: په‌لاماری داعش کاردانەوەی توند و خێرای ده‌وێت

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا وێڕای ئیدانه‌كردنی په‌لاماره‌كه‌ی شه‌وی رابردووی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری قه‌زای مه‌خموور رایگه‌یاند، هێرش و پەلامارى رۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.

 

زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی رابردووى تيرۆریستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌يەکی دیکەیان له‌ كاتى ئۆپه‌راسيۆنى راونانى تيرۆرستاندا.

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدان دەکەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين.

هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری رێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەوێت، کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت.

بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پڕ بکاتەوە.

لە رووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عێراقییەکان بزانن، کە تا پرۆسەی سیاسی راستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لە پێشینەی نیشتمانیی تەواوی عێراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

3\12\2021

Top