لە كۆبوونەوەیەكدا زێدەڕۆیی  و كێشەی زەوی‌و زاری كریستیانەكان تاوتوێ كرا

لە كۆبوونەوەیەكدا زێدەڕۆیی  و كێشەی زەوی‌و زاری كریستیانەكان تاوتوێ كرا

 

 

لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، فەرمانێك لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەرچوو، تایبەت بە دروستكردنی  لیژنەیەكی پسپۆر كە  لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان‌ و حكومەتی هەرێم ‌و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ‌و هەر یەك لە وەزارەتی داد و كشتوكاڵ ‌و شارەوانی‌ و دارایی پێكهات، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەی زەوی‌و زاری كریستیانەكان.

بۆ ئەم مەبەستە لە كۆبوونەوەیەكی نێوان دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لە كێشەی زەوی ‌و زارو موڵكایەتی ‌و زیادەڕۆیی بۆسەر موڵك‌ و ماڵی مەسیحییەكان لەپارێزگاکانی هەولێر و دهۆک كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ڕوونی كردەوە كە هه‌موو هاووڵاتییەك لە هەرێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر یاسادا یه‌كسانه‌ و نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی ئاینی یان ئیتنی مافی پێشێل بكرێت. هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌ژیانی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی بەرچاوە بۆ ناوچه‌كه ‌و هەموو جیهان.

ساڵی ڕابردووش زیا پەترۆس سەرۆکی پێشووی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵێكی زۆری دا بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زارو دۆسیەی زیادەڕۆیكردنە سەر زەویی كریستیانەكان  لە سنوری دهۆك‌ و دەڤەری بادینان، لەم بارەوە ڕاپۆرتێكی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەرز كردەوە.

 

Top