رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان: حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە داواکانی قوتابیان دەکات بەشێوەیەکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی


چەند ڕێکخراو و میدیایەکی نێودەوڵەتی، لەوانەش تیمی ئاشتیپارێزی کریستیان (CPT)، دامەزراوەی ئەمریکی (AEI)، میدیای زە کرادڵ، شەفەق نیوس، ئێم ئێس ئێن، و وێبسایتی کرێکارانی دژ بە مەزهەبگەرایی، لە ڕاپۆرتەکانیان باسی ئەو قوتابیانەیان کردووە کە بۆ داواکردنی دەرماڵەی مانگانە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی هەرێم پشتگیری لە گشت داوا رەواکانی هاووڵاتیان دەکات، لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە خۆپیشاندان هەیە یاسای (ڕێکخستنی خۆپیشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵى (٢٠١٠)، بەپێى ئەم یاسایە خۆپیشاندان مافێکى یاسایى و دەستوورییە، بەپێی ئەم یاسایە هەر خۆپیشاندانێک لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدرێت، پێویستە پێشتر مۆڵەت وەربگیرێت و دەزگا ئەمنییەکانیش لەلایەن خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و ماڵ و موڵکی گشتی ئەستۆ دەگرن لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: بەپێی بەدواداچوونمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، رۆژی ٢١/١١/٢٠٢١ لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و چەند شوێنێکی تر، ژمارەیەک قوتابی زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە خەرج کردنی دەرماڵەی قوتابیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە نارەزایەتییەکانیان ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام مۆڵەتی فەرمییان نەبوو.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند: بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان زیان بەر بەشێک لە ماڵ و موڵکی گشتی و بارەگای حزبەکان کەوتووە و هەندێک شوێن سووتاوە، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانی نەبووە، بەڵام چەند کەسێک بریندار بوون لە کارمەندانی پۆلیس و خۆپیشاندەران و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە هەمان کاتدا لیژنەی بەدواداچوون پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامداوە دەستگیر کراوە.
زێباری سەبارەت بە ئیجرائاتی لایەنە ئەمنییەکان و هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران وتی: لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستاون کە بریتییە لە پاراستنی ئارامی خۆپیشاندانەکان و پشتیوانی کردن لە داوا رەواکانیان بەشێوەیەکی مەدەنی، لەلایەکی دیکەوە زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکان پشتیوانی لە داوای قوتابیان دەکەن و داوا دەکەن کە خۆپیشاندەران بەشێوەیەکی ئاشتیانە گوزارشت لە داواکانیان بکەن و هیچ لایەک پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی.
شایەنی باسە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە (١٥٠) هەزار قوتابی سوودمەند بوون لە دەرماڵەی خوێندن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشکەشان دەکرا بەپێی شوێنی جوگرافییان، بە هۆی قەیرانی ئابووری و بڕینی بودجە و موچەی هەرێم لەلایەن بەغدا و شەڕی داعشەوە، ئەو دەرماڵەیە راگیرا بوو، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رۆژی ٢٤/١١/٢٠٢١، بڕیاردرا لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان، هەروەها بڕیار درا بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بکرێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابین کردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاری کردنی قوتابیان و خوێندکارانی کەم دەرامەت.

Top