كۆچكردن لە دیدی ئاسایشی نەتەوەییەوە ئاماژەیەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان
كۆچكردن بریتییە لە پرۆسیسێكی جووڵانەوە و گواستنەوە لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە، بۆ مەبەستی خۆشگوزەرانیی ئابووری، یان ڕاكردن لە هەندێ بارودۆخی كەش و هەوایی، یان لەژێر گوشاری سیاسی و جەنگ و قەیرانەكاندا، ڕاستییەكەی، هۆكارەكان زۆرن، هۆكاری كۆمەڵایەتی وەك چەوساندنەوەی ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی، هۆكاری ئابووری بۆ كۆچكردن بریتییە لە نزمیی ئاستی بژێوی ژیان و فاكتەرەكانی ڕاكێشانی ئابووری لە ناوچە دەوڵەمەندەكان لە جیهان و پەیوەست بە كار و كرێ، هەندێ فاكتەری دیكە هەن كە مەترسیدار و كوشندەن بۆ كۆچكردن، بریتییە لە داگیركردنی سەربازی، چەوساندنەوەی سیاسی، ناسەقامگیریی سیاسیی ناوخۆ.
كۆچكردن دوو جۆری هەیە: كۆچكردنی كاتی، كۆچكردنی هەمیشەیی (بەردەوامی)، جگە لەمانە كۆچكردنی دیكەش هەیە، وەك: كۆچكردنی زۆرەملێ، یان بێ پلان، لە مەترسیدارترین فاكتەرەكانی كۆچكردن، كۆچكردنی توانا زانستییەكانە، كە بە «خوێنبەربوونی مێشكەكان» ناودەبرێت، زۆر وڵات هەن باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییان بەو شێوەیە نییە، بۆیە فاكتەری دەركردنیان بۆ ئەم توانا زانستییانە هەیە، وڵاتیش هەن فاكتەری ڕاكێشانی ئەم توانا زانستییانەن پەیوەستە بە بژێوی ژیان و دابینكردنی پێداویستییەكان، مەترسیدارترین جۆری كۆچكردن ئەمەیە، چونكە سامانی مرۆیی لە دەست ئەم دەوڵەتانە دەڕوات و هێزی بەرهەمهێنەر لە دەوڵەت لاواز دەبێت، هەروەها ئاسەواری دیكەیشی هەیە، هەرچۆن بێت، سەرئەنجامی كۆچكردن لایەنی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی هەیە، پەیوەستە بە گۆڕانكاری لە ژمارە و پێكهاتەی دانیشتووان و كۆمەڵگە و سوودوەرگرتن لە هێزی كار و سەرمایەداری، هەروەها جۆرە تێكەڵبوونێكی كەلتووری و مرۆیی هەیە.
یەكێك لە دەرئەنجامەكانی كۆچكردن هاتنەكایەی دیاردەی پەناخوازییە، لە ماددەی(14)ی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتووە كە هەر تاكە كەسێك مافی ئەوەی هەیە بچێتە دەوڵەتێكی دیكە، یان پەنای بۆ ببات لەبەر مەترسی، یان چەوسانەوە، لە شیكردنەوەی ئەم ماددەیەدا دەگوترێت كە مافی دەوڵەتەكانە و ئەمە ئەركە بە سەر دەوڵەتەكان كە پەنابەران وەربگرێت، یان نا، چونكە هەندێ دەوڵەت هەن ڕێ بەم مافە نادەن و سنووری خۆیان ناكەنەوە بۆ پەناهەندە و كۆچبەران، چونكە پێیان وایە كاریگەریی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، بۆیە نەدانی مافی پەناخوازی مافێكی شكۆمەندیی دەوڵەتە، هەر كاتێ بە پێویستی دەزانێت بەكاری دەهێنێت بەپێی دەسەڵاتی تەقدیری و ئابووری و بارودۆخی كۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییەكانی.
لە هەمان كاتدا ڕێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی هەیە سەبارەت بە مافی پەناخوازیی ساڵی 1951، باس لەوە دەكات كە ئەم ڕێككەوتننامەیە لەسەر ئەو كەسانە جێبەجێ دەكرێت كە پێش ساڵی 1951 سیفەتی پەناخوازییان وەرگرت، پێویستە دەوڵەتان مافی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ بكەن، هەورەها نابێت پەناخواز دیپۆرت بكرێتەوە، كاتێكیش كاریگەریی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هەبێت، دەوڵەت دەتوانێت ئەو مافە بەكار بهێنێت، لەبەر ئەوەی ئەم دیاردەیە تەشەنەی كرد، بۆیە پرۆتۆكۆڵێك لە ساڵی 1961 هاتە كایەوە، ماددەی یەكی ئەم پرۆتۆكۆڵەكە سنوورداركردنی جوگرافیی فراوانتر كرد، كە تەنیا پێوەی پەیوەست نەبوو، ماددەی دوو باس لە هاوكاری و هەماهەنگی دەكات لەگەڵ كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، هەروەها ئەم ڕێككەوتننامەیە بە سەر ئەو كەسانە جێبەجێ ناكرێت كە پتر لە ڕەگەزنامەیەكیان هەیە، یان ئەگەر هۆكارێكی ماقوول نەبوو بۆ وەرگرتنیان، یان كاریان دژ بە پرەنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، یان تاوانیان كردبوو، تاوانی جەنگ و ئاشتی و دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، لەم حاڵەتانە تەنیا مافی مانەوە بۆ كاروباری مرۆییان پێ دەدرێت، ئەمەش مافێكی كاتییە كە دەوڵەت بۆ پەناهەندان بەكاری دەهێنێت.
لە دەرئەنجامدا، لە پەیوەندیی نێوان كۆچكردن و پەناخوازی لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی كە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان هەیە، بۆیە زۆر جار ئەو دەوڵەتانەی كە كۆچیان تێدا دەكرێت، ناسەقامگیرن لە بواری كۆمەڵایەتی و سیاسی و مەترسییان هەیە، ئەو دەوڵەتانەیشی كە وەریان دەگرن، سیاسەتی ئەمنیی دانیشتووان و باری ئابوورییان فاكتەری گرنگن لەم بوارە، تەنانەت جاروباریش تووشی گرفت دەبن لە ئاسایشی نەتەوەییان، بۆیە زۆربەی دەوڵەتان ئەم بابەتەیان بە یاسا ڕێكخستووە، هەتا دەگاتە هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆیە ئەم دیاردەیە یەكێكە لە گرفتەكانی ئاسایشی نەتەوەیی، بە تایبەتی پاش سیستەمی تازەی نێودەوڵەتی، ململانێی ئیتنی و چەوسانەوەی نەتەوەیی لە زۆر دەوڵەت بەتایبەتی یۆگسلافیا و بەلكان و ڕووسیا و دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كیشوەری ئاسیا و ئەفریقیا، ئەمە مەترسییە بۆیان، بە تایبەتی دوای 11ی سێپتێمبەر ئەو دەوڵەتانەی كۆچبەر و پەناخوازیان تێدایە، پێداچوونەوەیان بەم سیستەمە كرد، بەتایبەتی سیستەمی چاودێری، دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپاش هەمان هەنگاویان هەڵگرت.
ئەوەی دەمانەوێ لێرەدا ئاماژەی پێ بكەین كە دیاردەی ڕەگەزپەرستی لەو دەوڵەتانە بڵاوبووەتەوە كە كۆچبەرو پەناخوازیان تێدایە، لەسەر ئەم بنەمایە نەتەوە یەكگرتووەكان بایەخی بەم مەسەلەیە داوە لە جاڕی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو كەسانەی كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو دەوڵەت نین و لەوێ دەژین، جەختی كردەوە لەسەر مافی دەوڵەتەكان لە ڕێكخستنی سەنتەری بیانییەكان، لە هەمان كاتدا لە ماددەی دووەمدا باسی لەوە كرد كە ئەو هاووڵاتیانە مافیان هەیە لە ژیان و ئاسایشی تاك و یەكسانیی دادوەری و خێزان و ئازادیی بیروڕا و كەلتوور و زمانی خۆیان، هەروەها مافی موڵكایەتی و نابێت ئەشكەنجە بدرێن و دەبێت مامەڵەی مرۆییان لەگەڵدا بكرێت، نابێ ئەو هاووڵاتیانە دەربكرێن مەگەر یاسایەك كە تایبەت بێت بە ئاسایشی نەتەوەیی، هەروەها مافیان هەیە لە خوێندن و وەرگرتنی زانست و تەندروستی و پەنابردن بۆ دادگا، دەبێت ئەو هاووڵاتیانەش ڕێز لە یاساكانی ئەو دەوڵەتانە بگرن.
لەبەر ئەوەی كاتێكی زۆر بەسەر ئەو پڕۆتۆكۆڵەدا تێپەڕێوە، پێویستە پێداچوونەوەیەكی جددی بۆ ئەم مەسەلەیە بكرێت، بەپێی گۆڕانكاریی نێودەوڵەتی لە بواری پەناخوازی و كۆچكردن، لە سەر بنەماكانی بەرژەوەندیی پاراستنی ئاسایشی ئەم دەوڵەتانە و هەلومەرجی كۆچكردن و پەناخوازی، پێویستە ئاماژە بە دیاردەی قاچاغ و ئەو باندانە بكرێت كە ئەم كارە ئەنجام دەدەن بە ڕێگای نامەشروع و كاریگەری و مەترسیی ئەم كارە بۆ سەر ئاسایشی ئەو دەوڵتانەی كە وەریان دەگرن، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی میكانیزمەكانی كۆچكردنی نێوان دەوڵەتان ڕێك بخات، تاكو سنوورێك بۆ دیاردەی كۆچی نایاسایی دابنێت، لە ئاكامدا ئاماژە بۆ ئەم دیاردەیە دەكەین لە هەرێمی كوردستان پێش ڕاپەڕینی 1991 كە ئەم كۆچكردنە هەبوو لە بەر هەندێ هۆكاری سیاسی، بەڵام سنووردار بوو، بەڵام دوای ساڵی 1991 و كۆڕەوە ملیۆنییەكە و لەبەر بارودۆخی سیاسی و دانانی دامەزراوە دەستووری و یاساییەكان لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان تا ڕاددەیەك لە كوردستان ئەم مەسەلەیە بڵاو بووەوە، ئەگەر واقیعییانە قسە بكەین، دەبینین لەبەر بارودۆخی ئابووری و شەڕی ناوخۆ و تا ڕاددەیەك ئەم دیاردەیە هەڵكشا و ناوبەناویش ڕێژەكەی سنووردار بوو، لە كوردستان دیاردەی دەركردن نییە، چونكە بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئازادی و ژیانێكی سیاسی و دیموكراسی تێدایە، تەنانەت كوردستان بووە بە پەناگە و شوێنی پێكەوەژیانی زۆر لە هاووڵاتیانی دەرەوە و ناوچەكە و دەوروبەر، ئەوانەی سەفەریش دەكەن لە ڕێی فڕۆكەخانەكان و دەروازە نێودەوڵەتییەكانەوە دەچنە دەرەوە، پەنا بۆ ئەو دەوڵەتانە دەبەن، تەنانەت كە دیپۆرت، یان سنوورداش دەكران و، دەگەڕانەوە كوردستان هیچ سزایەكی یاساییان لەسەر نەبوو.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم بابەتە ماوەی بیست ساڵ بوو لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێمەوە دیراسە كرا و لێكۆڵینەوە لە هۆكار و ڕێگەچارە كرا، بەڵام هەر چۆن بێت، گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و گرفتەكانی نێو هەرێم كاریگەرییان هەبوو، ئەم مەسەلەیەش جێگەی بایەخ بوو، بە تایبەتی ئاماژەكردن بۆ ئەو ڕێگا نایاساییانەی كە قاچاخچییەكان بازرگانییان پێوە دەكرد، دەبێ ددان بەو واقیعەدا بنێین كە بەشێك چوونەتە دەرەوە و مافی پەناخوازییان وەرگرتووە.
سەبارەت بەو بابەتەی كۆچكردن بۆ بیلاڕووسیا، كە ئەو دیاردەیە سەری هەڵدا، پێش ئەوەش لە توركیاش ئەم حاڵەتە هەبوو، پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا توركیاش جۆرە سیاسەتێكی بەكارهێنا بەرامبەر بە یەكێتیی ئەوروپا، ئێستاش ڕووسیا و بیلاڕووسیا ئەم ڕۆڵە دەبینن و هاووڵاتیانی پەناهەندە دەبنە قوربانیی ئەم مەسلەیە و كێشەیەك كە مایەی گرنگی پێدانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاكانن، هەروەها زۆر لە دەوڵەتەكان دێنە سەر خەت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم حاڵەتەی دواییدا كە ئەنجومەنی ئاسایشی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی دا بۆ ئەم مەسەلەیە، واقیعییانە بۆی چوو و شیكردنەوەی بۆ كرد و، ددانی نا بەو دیاردەیە كە سنووردارە، فاكتەرەكانیش پەیوەست نین بە لایەنی سیاسییەوە، ئەوانەشی دەچنە دەرەوە بیر لەوە دەكەنەوە كە بەرەو ژیانێكی باشتر بچن، بەو شێوەیە نییە، چونكە كە چووە دەوڵەتێكی دیكە هەست بە غەریبی و جۆرە تاڵییەكی ژیان دەكات، هەر چۆنێك بێت دەتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ناوچەكە مێرگەی دیموكراسی و ئازادییە و زۆر لە بابەتەكانیش ڕێكخراون، تەنانەت گەنجەكانیش كە بیر لەم دیاردەیە دەكەنەوە، دەیانەوێت بگەنە ژیان و گوزەرانێكی باش، بۆیە پێویستە سەنتەرەكانی توێژینەوە و زانكۆكانی كوردستان بایەخ بەم مەسەلەیە بدەن بە توێژینەوەی ئەكادیمی، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، هەورەها لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە ئەم مەسەلەیە زیاتر دیراسە بكرێت، من دەستخۆشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەم، بۆ ئەم ڕوونكردنەوەیە كە بە بەرپرسیارێتییەوە ئەم بابەتەی ڕوون كردەوە، دوور لە بازگانی و ململانێ و قاچاخچێتیی سیاسی، بۆیە دیاردەی كۆچكردن و پەناخوازی دیاردەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، ئەگەر ئاسایشی نەتەوەیی گەڕان بێت بۆ دابینكردنی قەوارەیەكی ستراتیژی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەكانی ئێمە، دەبێت ئەم مەسەلەیە لە ئەولەوییاتی بایەخدانی خۆمان بێت، چونكە كێشەی دیكەش هەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، وەك كێشەی ماددە هۆشبەرەكان، كێشەی شووشتنەوەی پارە، كێشەی پێشێلكردنی سیستەمی زانیاریی كیاناتەكان، ئەمانە مەترسیدارن و تازە پەیدابوون لە ئەنجامی ئاسەوارەكانی سیستەمی تازەی نێودەوڵەتی، كە دەوڵەتەكان دەخەنە بەرامبەر بەرپرسیارێتیی لە حیساباتی سیاسی و ئابووریی خۆیان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، كابینە دوای كابینە بایەخی بەم مەسەلەیە داوە، كابینەی نۆیەمیش لە بەرنامەی چاكسازیدا دەتوانێت لەم بابەتە بكۆڵێتەوە و وردبینی بۆ بكات، هەر چەندە ناتوانرێت قەدەغە بكرێت، بەڵام سنووردار بكرێت، سەبارەت بە كۆچكردنی توانا زانستییەكان، كە ئاماژەمان پێ دا، ئەو جۆرە مەترسییەی نییە لە هەرێمی كوردستان، توانا زانستییەكانی كوردانی ئێمە لە دەرەوە دەگەڕێنەوە و پەیوەندیی بە زانكۆكانەوە دەكەن، لەم بیست ساڵەی ڕابردوو ڕێژەیەكی زۆر لەوانە گەیشتنە ئەو ئاستەی كە سەركردایەتیی ئەكادیمیی زانكۆ و سەنتەرەكانی توێژینەوە بكەن، هەندێكیشیان لە كابینەكانی حكومەت ڕۆڵیان هەبێت، بۆیە لە ڕووی یاساكانی پێوەست بە كۆمەڵگەی ئەكادیمی لە هەرێمی كوردستان، تا ڕاددەیەك بایەخ بە باری ئابووری و فرەیی سیاسی و لایەنەكانی كۆمەڵایەتی دراوە، هیوادارم زیاتر بایەخ بەم دیاردەیە بدرێت، ڕاستییەكەی، دیاردەی كۆچكردن ماوە ماوە، وەك ئەوەی ئاماژەم پێ كرد، توركیا و یەكێتیی ئەوروپا و یۆنان، دوای ئەو، ئێستا بیلاڕووسیا، پێش ئەویش باس لە مەسەلەی ئەفغانییەكان دەكرێت، ئەمانە مەترسی و گرنگییان بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەوەیە كە وەك چەكێك دژی ئەو دەوڵەتانە بەكار بهێنرێن، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكانی ئەم دەوڵەتانە لەم ڕووەوە زۆر وریا بن.