یەکەم کۆبوونەوەی نوێنەری وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچوو

یەکەم کۆبوونەوەی نوێنەری وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچوو

دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرد، رۆژی 17/11/2021 لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران یەکەم کۆبوونەوەی تۆڕی هەماهەنگی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری گشت وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی حکومەتی هەرێم و نوێنەری یۆنامی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئامادە کردنی پلانی هەرێمی و وتی: هاوتەریب لەگەڵ پلانی نیشتمانی عێراقی، ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە بەشداری هەرسێ دەسەڵاتەکە پلانێکی هەرێمیمان ئامادە کردووە و گشت ئەو راسپاردانە لە خۆدەگرێت کە راستەوخۆ ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە جێبەجێکردنی پلانەکەش دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) بەشدارن.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی گرنگی پلانەکە وتی: پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ پێوەری پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، لە هەمان کاتدا دەرفەتە بۆ پێداچوونەوە و چاودێری کردنی رەوشی حوکمڕانی لە هەرێم کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە بەرنامەکەیدا پاراستنی مافەکانی مرۆڤ گرنگییەکی زۆری پێدراوە و پەسەند کردنی ئەم پلانەش دەبێتە بەشێک لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لەم رووەوە.

د. دیندار زێباری دەربارەی ئامانجەکانی پلانەکە وتی: ئەم پلانە فراوانە و راسپاردەکانی گشت رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە خۆ دەگرێت کە عێراق پەسەندی کردوون و راسپاردەیان ئاراستەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی هەبووە، ئامانجەکانی بریتین لە گونجاندنی یاسا بەرکارەکانی هەرێم و هەموار کردنیان و دەرکردنی یاسای نوێ لە کاتی پێویست بەپێی ئەو راسپاردانە، سەروەری یاسا، ئاگادار کردنەوەی لەو دەستکەوتانەی لە هەرێم بەدیهاتوون لە بواری مافەکانی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و کەلتووری مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.

شایەنی باسە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (١١٢) لە رێکەوتی 15/9/2021 پلانی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرد و نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی راسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

Top