سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆڕبەندی( دایەلۆگی مەنامە 2021 )دەکات و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ هەینی 19ی نۆڤێمبەری 2021 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) کە ڕۆژانی 19-21 ی نۆڤێمبەر ، بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتکار و بیرمەند و خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهانی بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.
بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەش چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگ، لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکی و ئەوروپی و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەنجام بدات.
شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.