دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە یەک خولەکدا باشووری ئێرانیان هەژاند

دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە یەک خولەکدا باشووری ئێرانیان هەژاند

 

بە وتەی بەرپرسانی ئێران، دوو بوومەلەرزەی بەهێزی 6.4 و 6.3 بە پێوەری ڕێختەرلە یەک خولەکیدا ناوچەکانی باشووری ئێرانیان هەژاند.

بەپێی راپۆرتەکانی ئێران، ئەو بوومەلەرزانە درێژەیان هەبوو و بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ خەڵکی پارێزگای هورمۆزگان، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە چەند خانوویەکی کۆن لە بەندەرعەباس ڕووخاون ، هەروەها ئەو بوومەلەرزەیە لە کرمان و کیش هەستی پێکراوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ستوونی کارەبا لە بەندەرعەباس دوای بوومەلەرزەکە کەسێک گیانی لەدەستدا.

ناوەندی بوومەلەرزەکە لە دوورگەی قیشم، لە قووڵایی 18 کیلۆمەتریی زەوی ڕوویدا، شەش تیمی ئۆپەراسیۆن ڕەوانەی ئەو ناوچانە کراون، دوورگەی قیشم و شارەکانی دەوروبەری هەڵدەسەنگێنن کە هەست بە بوومەلەرزەکە کراوە.

شارەکانی باشووری کرمان و باشووری فارس و پارێزگای هورمۆزگان لە ئامادەیی تەواودان.

ئیسماعیل بایرام نەژاد، بەرپرسی ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئێران، گوتی: لە کاتژمێر 15:36دا، دوو بوومەلەرزەی گەورە یەک لە دوای یەك ڕوویاندا،  شارەزایان هێشتا هەڵسەنگاندنی  بۆ دەكەن.  یەکەم بومەلەرزە 6.4  و دووەمیش  6.3ی بوو بە پێوەری ڕێختەر و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتریی زەوی ڕوویدا.

مەسعود سادقی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تەوانیر، گوتی: تۆڕی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای هورموزگان زیانی لێکەوتووەتەوە و لە باکووری بەندەرعەباس و لە شوێنی بوومەلەرزەکەی قیشم و ناوچەکانی دەوروبەریش بێ کارەبا بوون، بەشێک لە چیای گنو لە کوێستانەکانی باکووری بەندەر عەباس دادەڕمێ .

بەپێی میدیاکانی عەرەبی، بوومەلەرزەکە لە ئەبوزەبی و دوبەییش هەستی پێکراوە.

 

 

كوڵان: سەردار خەلیل

دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە یەک خولەکدا باشووری ئێرانیان هەژاند
Top