7 هەزار و 300 كارتی زەوی بۆ سەند ئامادەكرا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند 7 هەزار و 300 کارتی زەوییان بۆ سەنەد گۆڕیوە و داوا دەکات ئەو هاونیشتیمانییانەی لە کەرتی 15- گردەڕەشە ئەسعەد و لە کەرتی 19- حەزە زەوییان هەیە سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بکەن مامەڵەی تۆمارکردنی کارتی زەوییەکانیان بەناوی خۆیانەوە تۆماربکەن و بیانکەنە سەنەد.
لوقمان عومەر، بەڕێوبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند "ماوەیەک بەرلە ئێستا موژدەی گۆڕینی 3035 کارتی زەویی بۆ سەنەد، کە قەرەبووی گوندی کۆریی و بەشێکی جووتیارانی گەڕەکی بەختەوەر – لەکەرتی گەزنەمان راگەیاند، ئێستاش موژدەی گۆڕینی 7300 کارتی زەوی کە لە هەردوو بەڕێوبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی یەک و دوو هەولێر، مامەڵەکانیان ئەنجامدراوە و کارتەکانیان گۆڕاوە و کراوەتە سەنەد".
لوقمان عومەر دەشڵێت لە ماوەیەکی کورتدا بەڕێوبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی یەکی هەولێر توانیویانە 3703 کارت بگۆڕن بۆ سەنەد لە کەرتی 19- حەزە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووی هەولێریش توانیویانە 3593 کارت کەرتی 15- گردەڕەشە ئەسعەد، تۆماربکەن و بیانکەنە سەنەد.