لە مەڕاسیمێکی یاریی گادا پیاوێک كوژرا
لە مەراسیمی ساڵانەی بەڕەڵڵاکردنی گادا لە شاری ئۆندای ڕۆژهەڵاتی ئیسپانیا، پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ دوای لێدانی گایەك بە قۆچەكانی گیانی لە دەستدا.
لە مەراسیمەكەدا گایەک چەند جارێك بە بەردەوامی هێرشی کردە سەر پیاوێک کە لە فیستیڤاڵی فیرادی ئۆندا ئامادە بوو، بە لێدانی قۆچەكانی دەماری پێی چەپی بڕی و سەری بریندار کرد و دواتر قوربانییەکە لە نەخۆشخانەیەکی نزیک شاری ڤیارئال مرد.
شارەوانیی ئۆندا ڕایگەیاند: کە سەرجەم مەڕاسیمەکانی مەڕوماڵات هەڵوەشاونەتەوە، بەڵام چالاکییەكانی دیكەی فیستیڤاڵەكە بەردەوام دەبن.
ئەوە یەکەم ڕووداوی کوشندە بوو لە ئیسپانیا لەوەتەی کەمبوونەوەی کۆرۆنا لە هاوینی ڕابردوودا. بێ گومان تەنیا هەندێک لەم یاریانە ڕێگەیان پێدراوە ئەنجام بدرێن، حکومەتیش هێشتا دڵنیا نییە مەرجەکان بۆ ئەو جۆرە یاریانەی فیستیڤاڵ دیار بكات .
ئەو یارییەی بەڕەڵاكردنی گا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە ئیسپانیا، ئاهەنگی هاوشێوە لە فەرەنسا و پورتوگالیش بەڕێوەدەچێت.
لە مەراسیمەکەدا خەڵک لە بەرامبەر گاكاندا کە لەسەر شەقامەکان بەرەڵا كراون هەڵدێن و گاكانیش ڕاویان دەنێن، لە هەندێک ڤیستیڤاڵدا، گاكان بۆ شەڕكردن بەکاردێنن .
هەروەها برینداربوونی خەڵک لەکاتی ئەو مەراسیمەدا باوە و زۆر ئاساییە.
چالاکوانانی مافی ئاژەڵان چەندین ساڵە دژی هەردوو شێوازی یارییەكەی سەر شەقام و شەڕکردن بە ئاژەڵان ناڕەزایی دەردەبڕن.
لە ساڵی 1910ەوە لانی کەم 16 کەس لە فیستیڤاڵی "سەن فێرمین" لە پامپلۆنا گیانیان لە دەستداوە.
گوڵان: سەردار خەلیل