ڕووسیا هۆشداری دەداتە ئۆكرانیا لە بەكارهێنانی درۆنی توركی لە ناوخۆی وڵاتەكەی

ڕووسیا هۆشداری دەداتە ئۆكرانیا لە بەكارهێنانی درۆنی توركی لە ناوخۆی وڵاتەكەی

 

ئاژانسی فڕانس پـرێس لە سەرچاوەیەكی سەربە وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا ڕایگەیاند كە وەزارەتەكە  ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاند کە بۆ یەکەم جار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیی جۆری TB2 Bayraktar ی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی تۆپخانەی چەکدارانی سەر بە ڕووسیا. بۆیە ڕووسیا هۆشداری دا کە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی تورکیا لە لایەن سوپای ئۆکرانیاوە دەبێتە ئاڵۆزترکردنی ناکۆکییەکانی ناوخۆی ئۆکرانیا.

 

لەلای خۆیەوە دیمیتری پێسکۆف وتەبێژی کرملین، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا بە میدیاكانی گوت: پێشتر پەیوەندیی تایبەتی و باشمان لەگەڵ تورکیادا هەبووە، بەڵام ئەم پرسە نیگەرانییەکانمان پشتڕاست دەکاتەوە لەوەی کە گەیاندنی ئەو جۆرە چەکانە بە سوپای ئۆکرانی دەتوانێت سەقامگیریی بارودۆخەکە لە بەرەکانی جەنگدا تێک بدات.

 

 

پێشتر كییڤ ئەم درۆنانەی لە تورکیا كڕیوە و ڕاشیگەیاندبوو کە پلانی هەیە خۆی دەست بە دروستکردنیان بکات، بۆیە فرۆشتنی فڕۆکەکان بە ئۆکڕانیا پەیوەندیـیەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ئاڵۆزتر دەکات، لە کاتێکدا کە ڕووسیا قورسایی سیاسیی خۆی خستۆتە سەر هێزە جوداخوازەکانی ئۆکرانیاوە.

 

 

Top