بەهای بەرمیلێك نەوت بەرەو 100 دۆلار دەچێت
وەزیری نەوتی عێراق ئیحسان عەبدولجەبار رایگەیاند هەرچەندە رێكخراوی ئۆپێك لەهەوڵی جێگیركردنی نرخی نەوتدایە، بەڵام پێشبینی دەكرێت تاكۆتایی ئەمساڵ بەهای بەرمیلێك نەوتی خاو بگاتە 100 دۆلار، ئەمەش بەپشت بەستن بەدابەزینی ئەمباری ستراتیژیی نەوتی خاوی ئەمەریكاو باشبوونی بارودۆخی بازارەكانی جیهان و بوژانەوەی كەرتی پیشەسازیی.
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند، حکومەت نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەی ساڵی 2022 لە نێوان 55 و 65 دۆلار جێگیردەکات، پێشبینیش دەکەن ئەو نرخە گۆڕانکاری بەسەردابێت و دۆخی ئابووری نیشتمانی وڵات باشتربێت و کوررتهێنانی داراییش لە بودجەی گشتی تێپەڕێنێت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە سەرجەم وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەو پشكەی بۆیان دیاریكراوە زیاتر بەرهەم دەهێنن، بۆ ئەوەی بەهای نەوتی خاو نەگاتە نرخێك كە جیهان پەسەندی نەكات و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای سوتەمەنی یەكان و قەیرانی گرانبوونی بەنزینی لێبكەوێتەوە.
وەزیری نەوتی عێراق هەروەها رایگەیاند کە ئەندامانی ئۆپێک بەدوای ئەو رێگەچارانە دەگەrێن بۆ ئەوەی بازاڕی نەوت هاوسەنگ بکەن ئەگەر هاتوو نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوە بۆ ئاستێکی بەرز لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوت نایانەوێت نرخی نەوت بگاتە ئاستێک کە جێگای پەسەند نییە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 86 دۆلار و هەر بەرمیلێک بە 85 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.