یۆنان هێزی سنووری خۆی بۆ ڕێگری كردن لە پەناخوازان زیاد دەکات

یۆنان هێزی سنووری خۆی بۆ ڕێگری كردن لە پەناخوازان زیاد دەکات

 

بەرپرسانی یۆنان ڕایانگەیاندووە كە حکومەت لە ترسی زیادبوونی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی، ژمارەی پاسەوانانی لە سنورەکەی لەگەڵ تورکیا زیاد دەکات. هەروەها جەخت دەكەنەوە كە 250 سەربازی دیکە بۆ 1500 پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە زیاد دەکرێن، بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلێکی نوێی ئاوارەی ئەفغانستان.

ژمارەی سەربازانی سنووری یۆنان لە سەرەتای ساڵی پاردا زیادیان کردووە، هەروەها روونیشی كردەوە، کە نزیکەی 800 پاسەوانی سنووری زیاتر بۆ فڕۆکەخانە و ناوچەکانی نزیک لە سنووری یۆنان و تورکیا جێگیر دەكرێن.

یۆنان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵی سنووری خۆی توندتر کردووە و سیاسەتی کۆچ و کۆچبەری لەسەر کارنامەی خۆی توندتر کردووە، هەروەها دروستکردنی دیوارێکی لەسەر سنووری خاکی خۆی لەگەڵ تورکیا فراوان کردووە و جگە لەوەش هێزەکانی یۆنان تۆڕێکی چاودێریی تەکنەلۆجیای بەرزیان لەسەر سنوورەکان داناوە بۆ ئەوەی پەناخوازان لەو سنوورە نەپەڕنەوە.

هەروەها کردەوەکانی یۆنان ناڕەزایی بەرفراوانی  مافی مرۆڤیان لێکەوتەوە،  چالاکوانانی مافی پەنابەری دەڵێن: ئەو وڵاتە ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت دەکاتەوە کە پاش تێپەڕینی یۆنان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پەنابەرێتی دەست بەسەردەكرێن، ئەسیناش ئەو قسەیەی بە بێ بنەما ناوبردووە.

نۆتیس متاراچی، وەزیری کۆچ و کۆچبەران سەبارەت بە ڕێوشوێنە نوێیەکانی حکومەت بە پەرلەمانی گوتووە: هەندێ لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا كە ژمارەیان 27 وڵاتە، فشار دەخەنە سەر  کۆمسیۆنی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر بۆ ڕێگە گرتن لە پەنابەران.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top