لەئەنجامی ڕووداوێكى هاتوچۆدا‌ له‌ هه‌ولێر سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا

لەئەنجامی ڕووداوێكى هاتوچۆدا‌ له‌ هه‌ولێر سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆى هه‌ولێر رایگەیاند: ڕووداوێكى هاتوچۆ له‌سه‌ر شه‌قامى 100 مه‌تری شاری هه‌ولێر ڕووى دا بەم ‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.
دووشه‌ممه‌ 11/10/2021 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆى هه‌ولێر لە ڕاگه‌یاندراوێكدا كە له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تی (فه‌یسبووك) بڵاوكراوەتەوە‌ كە تێیدا ئاماژە بەوە دەدات كە لە كاتژمێژ(12:50)خوله‌كى نیوه‌شه‌و له‌سه‌ر شه‌قامى 100 مه‌تری نزیك نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى، ئۆتۆمبێلێك له‌ جۆرى هیۆنداى سانتافى كە پێشبڕكی كردوە‌ به‌ خێراییه‌كى یه‌كجار زۆر به‌ ئاراسته‌ى بازاڕى له‌نگه‌ رۆیشتووە له‌ناكاو كۆنترۆڵى له‌ده‌ست دا و به‌سه‌ر دوورگه‌ى ناوه‌ڕاستى شه‌قامەكە كەوتووە لەئەنجامدا چۆتە سایده‌كه‌ى دیكه‌ هەر له‌و كاته‌ش ئۆتۆمبێلێك له‌ جۆرى نیسان سه‌نى به‌ ئاراسته‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى رۆیشتووە لەم ئەنجامەدا پێكدادان له‌نێوانیان دروست بوو. له‌ ئه‌نجامى ڕووداوه‌كه‌دا سێ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوە‌.
لەراگەویاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆى هه‌ولێر ئەوەشی باسكردوە كە له‌ كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا و به‌پێى به‌ڵگه‌ سه‌ره‌تاییه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌كان به‌ ڕێژه‌ى 100% ئۆتۆمبیلە سانتافییه‌كه‌ به‌ لایه‌نى خه‌تابار هه‌ژمار كرا، چونكه‌ ئه‌و به‌هۆى تیژڕۆییه‌وه‌ چووه‌ته‌ سایدى به‌رامبه‌ر و لە ئۆتۆمبێلە نیسان سەنیەكەشی داوە‌.

Top