بۆ ئەوەی پێگەی كوردستان بەهێزتر بێت، ئومێدەوارین دەنگدەران دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

بۆ ئەوەی پێگەی كوردستان بەهێزتر بێت، ئومێدەوارین دەنگدەران دەنگ بە  پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

 

هەڵبژاردنە پێشوەختە پەرلەمانییەكەی عێراق گرنگی و كاریگەریی نەك هەر لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئایندەی عێراق دەبێت، بەڵكو دەرئەنجامەكانی كاریگەری و دەرهاویشتەی لەسەر پێگە و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك پارتێكی پێشەنگ و خاوەن زۆرترین سەنگ و قورسایی، بەشداریی جددی و چالاكانە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دەكات و، ئومێد و چاوەڕوانییەكان ئەوەیە كە سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات، لەم ڕووەوە عومەر ئورەیی بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان لە پەیامێكدا بەم شێوەیە بۆ گۆڤاری گوڵان دوا:

هەڵبژاردن باشترین و كاراترین ڕێگای هێنانەئارای گۆڕانكارییە و، لە هەموو ڕوویەكەوە ئەوە بە هاووڵاتیان ڕەوا بینراوە كە مومارەسەی مافی دەنگدان بكەن و، لەم ڕووەوە ئێمە هانی سەرجەم دەنگدەران دەدەین كە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و، باوەڕ و متمانەی خۆیان ببەخشنەوە بەو پارتەی كە هەمیشە داكۆكیكاری سەرسەختی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستان بووە، كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە. لەلایەكی دیكەوە بانگەشە و بانگەوازی ئێمە بۆ دەنگدەرانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە ئەگەر دەیانەوێت بە مافەكانیان شاد ببنەوە و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و ڕەچاوی ئەوە بكەن كە كام لایەن و حزب داكۆكیكار و پارێزەریانە و، كام حزبە كار و كۆششی كردووە و قوربانیی گەورەی داوە بۆ ڕزگاركردن و پاراستنی ناوچەكانیان، كە ئەگەر بە ئینساف و دادپەروەرییەوە حوكم بدەین، ئەوا ئەم لایەنە پارتی دیموكراتی كوردستانە. چونكە بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە ئاشكرایە كە پارتی لە هەر شوێنێك و ناوچەیە بووبێت، ئارامی و سەقامگیری و دڵنیایی باڵی بەسەردا كێشاوە، چونكە پارتی پەرۆشانە و پشوودرێژانە و فیداكارانە لە هەوڵی پاراستنی ژیان و گوزەران و كەرامەتی خەڵكدا بووە، هەروەها هەمیشە پارتی بەرەنگاری هێرش و پەلامارەكانی سەر هەرێمی كوردستانی بووەتەوە، ئەوە بوو كاتێك كوردستان ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشە بووەوە، بە بڕیار و سەركردایەتیكردنی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە بەرەنگاربوونەوەیەكی قارەمانانەدا توانرا ئەو هێزە تێك بشكێندرێت، كە ویستیان كۆتایی بە قەواری هەرێمی كوردستان بهێنن. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین: پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو لایەنە ڕاستەقینەیە كە جێگای ئومێدی دواڕۆژی گەلی كوردستانە و، سازش لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردستان ناكات. كەواتە پەیامی ئێمە ئەوەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بگاتە دواڕۆژی خۆی و ئەم هەرێمە پارێزراو بێت و، پێگەی كورد و كوردستان لە بەغدا بەهێز بێت، داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكەین حزبەكەی خۆیان بكەنەوە بە حزبی پێشەنگ و ژمارە یەك، ئەوەی پەیوەست بێت بە سنووری لقی ئێمەوە كە بازنەی یەكی پارێزگای (دهۆك-ئامێدی)ـە، ئەوا ئێمە چوار كاندیدمان هەیە و پشتڕاست و ئومێدەوارین هەر چوار كاندیدمان دەردەچن، بە شێوەیەكی گشتی و بە تێڕوانین و پێشبینی ئێمە، هەر 11 كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆك دەنگ دەهێنن و دەردەچن و دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی داواكار و داكۆكیكاری مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كوردستان لە بەغدا، ئێمە لە دهۆك هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بە چڕی و گەرم و گوڕییەوە بەڕێوە دەبەین و پشتیوان بە خودا و بە جەماوەر و دەنگدەری دڵسۆزی خۆمان و پشتئەستوور بە حیكمەتی سەركردایەتیی حزبەكەمان، سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەین و ڕێژەی كورسییەكانمان بەرەو هەڵكشان دەبەین.

 

 

 

بەرپرسی لقی 18ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:

 

Top