دەیان هەزار بەرازیلی داوای دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆكی وڵات دەكەن
دەیان هەزار هاووڵاتیی بەرازیلی لە شارە جیاجیاکان گردبوونەوە و ناڕەزاییان پیشاندا لە بەردەوامبوونی سەرۆکایەتیی ژائیر بۆلسۆنارۆ، داوای دەست لەکارکێشانەوەی دەکەن.
گەورەترین گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان لە ریۆدۆ ژانیرۆ، ساو پائۆلۆ و برازیلیا بە وتنەوەی بڕۆ بۆ دەرەوە و وازبێنە، لەلایەن یەکێتیی بازرگانییەکان بەڕێوەچوو.
هاووڵاتیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری و بەرزبوونەوەی خەرجیی ژیان و بەتایبەتی مامەڵەی ناڕەوای بۆلسۆنارۆ لەگەڵ ڤایرۆسی كۆڕۆنادا، بەرازیل یەکێکە لە بەرچاوترین و بەرزترین ڕێژەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە تووشبوون و مردن لە جیهاندا.
ساڵی دادێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەرازیل بەڕێوەدەچێت، ئەنجامی دوایین ڕاپرسییەکان دەری دەخەن کە تەنیا 26٪ ی هاووڵاتیان دەنگ بە ژائیر بۆلسۆنارۆ دەدەن، لە بەرامبەردا 44٪ ی هاووڵاتیان نیازی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پێشووی لولا داسیلڤا نیشان داوە.
گوڵان: سەردار خەلیل