ڕێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی
لە ڕاگەیاندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر قوتابی و خوێندکارێک کە فۆرمی وەرگرتن پڕدەکاتەوە مەرج نییە وەربگیرێت و شێوازی وەرگرتنەکەی ناوەندییە (قبوڵ مەرکەزی) یە و هەژمارکردنی سیستمی کردیت و هەموو قوتابییەكی ئامادەیی ساڵی رابردوو لە یەك پرۆسەی پێشبڕکێدا بەشداردەبن.
وەزارەتەكە ڕوونی كردووەتەوە كە دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەشی زانستی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لە کۆلێژ و بەشەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، زانست) دەتوانن تەنیا وانە پەیوەندیدارەکان هەژمار بکەن و وانەکانی دیکە ئارەزوومەندانە دەبێت، بە مەرجێک پێشکەشکاری داواکە لە سەرجەم وانەکاندا دەرچووبێت.
هەر لە درێژەی ئەم بابەتە خوێندنی باڵا جەختی كردووەتەوە كە ئەگەر خوێندکار ناوی لە هیچ کۆلێژێک نەگەڕایەوە، ناوەندی وەرگرتن ئەو خوێندکارانە بەسەر ئەو کورسییانە دابەش دەكات کە لە زانکۆکان بە بەتاڵی دەمێننەوە، بە ڕەچاوکردنی کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو.
شایانی باسە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندبوو، وشەی تێپەڕ و نھێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ی بۆ سەرجەم دەرچوانی قۆناغی ١٢ ئامادەکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزمونەکان کراوە تا بەسەر خوێندکاراندا دابەش بکرێت.