ژنێك لە هەڵەبجە هاوسهرەكەی خۆی دەكوژێت
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى هەڵەبجە كوژرانی هاووڵاتییەکى تەمەن چل ساڵانی ڕاگەیاند کە لەلایەن خێزانەکەی بە هاوکاریى کەسێکى دیكە کوژراوە.
ڕۆژی شهممه 25/9/2021 موقەدەم بارزان عوسمان وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد كە لە 21/9/2021، تاوانلێکراو (هـ. ڕ) تەمەن ٤٠ ساڵ كە دانیشتووى گوندى مۆریاسی ناحیەی بەرزنجە لە نزیک گوندى (تاوێرە ـ سەرکەن) لە لایەن ژنەکەیەوە بەناوى (پ.ح) كە تەمەنی ٣٣ ساڵەو پیشە ژنى ماڵە بە هاوکاریى تۆمەتبارێکى تر بەناوى (ح.خ)ی تەمەن ٢٠ ساڵ كە دانیشتووى ههمان گوندی ئهو خانەوادەیە دەکوژرێت لەپاشان تەرمەی پیاوە كوژراوەكە هەر لەوێ بەجێ دەهێدرێت.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەلەبجە باسی لەوەشكرد كە پاش لێکۆڵینەوەیەکى ورد لە لایەن تیمى لێکۆڵینەوەى پۆلیس بە هاوکاریى بەشى پۆلیسى سەیدسادق و بنکەى پۆلیسى بەرزنجە ئەوە توانرا تەرمى كوژراوەكە پاش چوار ڕۆژ لە دیارنەمانى لە گوندى تاوێرەى سەر بە هەڵەبجە بدۆزرێتەوە و لەپاشان تەرمەكە ڕەوانەى پزیشکى دادى پارێزگاى هەڵەبجە کرا.
هەر لەراگەیاندنەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە تۆمەتبارى ڕووداوەکە لەكاتی لێكۆلینەوەدا لەبەردەم دادوەر دانى بە تاوانەکەی ناوە و ئەو رووداوەش بەهۆى بوونى کیشەى خێزانییەوە بە هاوکاریى تۆمەتبارەکەى دیکە ئەنجام دراوە و تۆمەتبارەكانیش بەپیى ماددەى یاسایى (٤٠٦) بەندکراون و دۆسییەى لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە لە بنکەى پۆلیسى هەڵەبجە كراوەتەوە.