نێچیرڤان بارزانی: گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، سه‌د ساڵه‌ ئازاری زۆريان چه‌شتووه‌

نێچیرڤان بارزانی: گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، سه‌د ساڵه‌ ئازاری زۆريان چه‌شتووه‌

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنفرانسی "عێراق: قه‌ده‌رێكی تراژیدی" له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند، گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، ئه‌وە سه‌د ساڵه‌ ئازاری زۆريان چه‌شتووه‌ و دواى سه‌ده‌يه‌كيش، هێشتا گه‌لى كوردستان هه‌ر گيرۆده‌ى به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانيه‌تى.

له‌ گوتاره‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عێراق واته‌ وڵاتی پێكهاته‌كان و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ له‌ سێ ویلایه‌تی مووسڵ، به‌غدا و به‌سرا پێكهاتووه‌، ئه‌و سێ ویلایه‌ته‌ش به‌ پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و كولتووری جیاوازن.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ کێشەی سەرەکيی عيراق وەک هەر وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب، بریتیيە لە کێشە لەسەر دەسەڵات، به‌ ڕوای ئه‌و ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ گرفت کە لایەنێک بيەوێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەموو لایەنەکانی ديكه‌دا بسه‌پێنێت، یان بۆ یەکلاکردنەوەی كێشه‌كان، پەنا بۆ‌ بەکارهێنانی هێز یان سزا ببات، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ميشه‌ له‌ عيراق ڕوويداوه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی عێراق، له‌ به‌غدا عه‌قڵیه‌تی هێز حاكم بووه‌، عێراقێكى زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سامانى سروشتى، ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سامانى مرۆيى، ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌يى و ئايينى و فره‌كولتوورى، له‌ پێگه‌يه‌كى جوگرافیای ستراتيژيدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و عه‌قڵيه‌ته‌ نه‌بوايه‌، ئێستا يه‌كێك له‌ وڵاته‌ به‌هێزه‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌بوو.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ سه‌د ساڵه‌ له‌ عێراق هه‌مان هه‌ڵه‌ دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌ و وانه‌ له‌ ئه‌زموونی تاڵ و  شكست له‌دوای شكست وه‌رناگيرێت كه‌ گه‌لان و پێكهاته‌كانى عێراق بنيويانه‌.

نێچیرڤان بارزانی، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى عێراق ببێته‌ وڵاتى هه‌مووان سه‌قامگير و ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو بێت، ده‌بێ هه‌مووان به‌ جورئه‌ته‌وه‌ دان به‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوودا بنێن و خواست و هه‌وه‌سى خۆسه‌پاندن و چه‌ندباره‌كردنه‌وه‌ى ڕابردوو، واز لێ بێنن.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ كۆد و كليلى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و گوتی: "سه‌د ساڵه‌ به‌غدا نايه‌وێت كێشه‌كانى گه‌لى كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، سه‌د ساڵه‌ عێراق نائارام و ناسه‌قامگيره‌! سه‌د ساڵه‌ هه‌موو توانا و ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كانى عيراق، بۆ كڕينى چه‌ك و شه‌ڕ خه‌رج ده‌كرێن و جگه‌ له ماڵوێرانى و كاره‌سات و مه‌ينه‌تيى بێ بڕانه‌وه‌، هيچى ديكه‌ى بۆ عيراق نه‌هاتۆتە دی‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێ بيڵێم ئه‌وه‌يه‌: ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌ولێر و به‌غدا پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. هه‌ولێر و به‌غداى سه‌قامگير، واته‌ عێراقێكى ئارام بۆ خۆى و بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. بۆيه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش ئه‌ركى له‌سه‌ره‌ و ده‌بێ يارمه‌تيى عێراق بدات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى".

له‌ باره‌ی كوردستانی دوای رژێمی پێشوو، روونی كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان خۆویستانە وه‌ك هه‌رێمێكى فيدراڵ بووه‌ته‌ بەشێک لە عێراق، واتە دەبێ هاوبه‌شێكى ڕاستەقینە بێت لە دەوڵەتی فیدراڵیدا. به‌شدارێكى ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا بە هەموو فۆرمەکانیيەوە کە باسم کرد دەبێت هەبێت.

نێچیرڤان بارزانی، ئه‌وه‌ی به‌ گه‌ره‌نتی سه‌قامگیری عێراق وه‌سفكرد و گوتی: "ئەمە گه‌ره‌نتيى سه‌قامگيرى و گەرەنتیی یەکپارچەیيی عێراقی نوێیە. کەواتە چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی سەرەکی لە عێراقدا، بریتيیە لە هاوبه‌شى و بەشداریپێکردنی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات و لە دروستکردنی بڕیاردا".

گوتیشی: "ئەگەر دەسەڵاتی فيدراڵ له‌ به‌غدا مافە دەستوورییەکانی هەرێمى كوردستان بدات، هەرێمى كوردستانيش ئەرکە دەستووريیەکانی خۆى بەوپەڕی باشییەوە جێبەجێ دەکات".

دووپاتی له‌وه‌ش، كه‌ ئه‌زموونی رابردوو نیشانیداوه‌، ناگونجێت و سه‌ركه‌وتوو نابێت تەنيا یەک پێکهاتە بیەوێت حوکمی عيراق بکات و پێکهاتەکانی ديكه‌ پەراوێز بخات و گوتی: "ڕژێمەکانی ڕابردوو ئەو ڕێگەیەیان تاقیکرده‌وە و شکستیان هێنا، باجەکەش هەموو گەلانی عێراق دایان".

به‌ پێویستیشی ده‌زانێت كه‌ پێویسته‌ له‌ عێراقی نوێدا متمانه‌ و دڵنیایی هه‌بێت و ده‌بێت هه‌ر یه‌كێك هه‌نگاوێك زیاتر بچێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دڵنیایی و متمانه‌ بنیات بنرێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی: گه‌لى كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌، سه‌د ساڵه‌ ئازاری زۆريان چه‌شتووه‌
Top