عێراق و ئەمریكا لە سەر كەمكردنەوەی هێزە شەڕكەرەكان "لە هەولێر و عەین ئەسەد" رێككەوتن

عێراق و ئەمریكا لە سەر كەمكردنەوەی هێزە شەڕكەرەكان

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تەكنیكی سەربازیی عێراق لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی لە بەغدا كۆبونەتەوەو لەسەر كەمكردنەوەی یەكە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردوو بنكەی سەربازیی هەولێر و عەین ئەسەد، رێككەوتن بە مەبەستی ئەوەی تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو پڕۆسەیە تەواو بكرێت.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 17/9/2021، لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە دوێنێ پێنجشەممە، لە بەغدا، لیژنەی تەكنیكی سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی بە سەرۆكایەتی لیوا جۆن برێنان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆبونەتەوە.
بەپێی بەیاننامەكە، كۆبونەوەكە لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆ ئەمنییە تەكنیكییانەدا بوە كە لە گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمریكادا رێككەوتنیان لەسەر كراوەو هەروەها لە چوارچێوەی كۆتاییهێنان بە رۆڵی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هەردوولا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی یەكە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردوو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد و هەولێر، بە شێوەیەك كە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە، ئەو پڕۆسەیە تەواو بكرێت.
ئاماژەی بەوەش داوە كە ئاستی فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەگایەكەوە بە فەرماندەیی ئەفسەرێك بە پلەی فەریق كەم كراوەتەوە بۆ بارەگایەك بە فەرماندەیی ئەفسەرێك بە پلەی لیوا ئەوەش لەپێناو پشتیوانی و دابینكردنی چەك و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و راوێژ.
هەردوولاش جەختیان له‌وه‌ كردووه‌تەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراقەو پێویستە لە سەر حكومەتی عێراق بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، پارێزگارییان لێ بكات، بە شێوەیەك كە لەگەڵ سەروەريی وڵاتدا یەك بگرێتەوە.
هەروەها بەپێی بەیاننامەكە هەردوولا رێككەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە كۆبوونەوەكان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی ئەو هەنگاوانەی ماون بۆ كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق لە وادەی دیاریكراودا كە كۆتایی ئەمساڵە.

Top