ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی پەسەند کرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ کرد و پڕۆژە یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵیشی پەسەند کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی9ی2021، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند تێبینییەک، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی، ئەم یاسایە ڕۆڵی کاریگەری دەبێت لە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێج وپەیمانگا و ئامادەییە کشتوکاڵییەکان و دەرچووانی خوێندنی پزیشکی ڤێرتێنەری، ئەوانەیان کە لە فەرمانگەکانی حکوومەت دانەمەزراون، هەروەها دەبێتە هۆی بووژاندنەوە وپێشخستنی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە ژێرسەرپەرشتی خاوەن توانای زانستی، کە ئەمەش بەشێکە لە بەرنامەی کاری کابینەی حکوومەت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، لە لایەن دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، (پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021- 2025 خرایەڕوو، وەک بەشێک لە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پلانی نیشتمانیی فیدراڵی کە لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە عێراق ئەندامە تێیاندا بە ڕەچاوکردنی تێبینی و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئامانج لێی گونجاندنی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە لە گەڵ پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستووری فیدڕاڵی هاتوون سەرەڕای بەشداریکردنی هەرێم لە چوارچێوەی شاندە فیدڕاڵیيەکان لە گفتوگۆ و پێگە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ و پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و برەودان بە ڕۆڵی ئافرەتان و پێکهاتە ئایینی ونەتەوەییەکان و پێشوازیی لە ئاوارە وپەنابەران و دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی پلانەکە، دوای خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینییەک، بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری کۆتایی پەسەندکردنی بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

Top