ئه‌مریکا بە هۆی هێرشی سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکە وەڵامی توندی ئێران دەداته‌وه‌

ئه‌مریکا بە هۆی هێرشی سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکە وەڵامی توندی ئێران دەداته‌وه‌


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئێران هێرشی سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکەی ئەنجام داوە، بەڵێنیشی دا وەڵامێکی کاریگەری دەدەنەوە.

ئەنتۆنی بلینکن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “دوای پێداچوونەوەمان بە زانیارییەکاندا گەیشتینە ئەوەی ئێران هێرشی سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکەی ئەنجامداوە”، هێرشەکەش لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە.

بلینکن وتیشی، واشنتن تاوتوێی وەڵامدانەوەی گونجاوی ئەو کردەوەیەی ئێران لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکە دەکات”.

لەلایەکی دیکەوە دۆمین ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەمریکا پشتڕاستیکردووەتەوە ئێران هێرشەکەی ئەنجامداوە.

وتیشی، “ئەوە هێرشێکی بەمەبەست و دوژمنکارانە و نایاساییە”، بەریتانیا داوای لە ئێران کرد ئەو کردەوانە ڕاگرێت و ئاسایشی ناوچەکە و وڵاتان نەخاتە مەترسییەوە.

هەر دوێنێ یەکشەممە نەفتالی بینیت جەختیکردەوە ئێران لەپشت هێرشی سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکەوەیە و وتی، ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیوییەتی، “جارێکی دیکە بینیمان ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی لەجیهاندا، هەموومان هاوڕاین لە کۆتاییهێنان بە کارە دوژمنکارانەکانی ئێران.”

Top