سیاسەتی ئیدارەدانی ئاو وەك فاكتەرێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی

سیاسەتی ئیدارەدانی ئاو وەك فاكتەرێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی

 

 

وشكەساڵی وەك دیاردەیەك بە نزیكەی هەر 10 ساڵ جارێك ڕووی لە ناوچەی ئێمە كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێگەگرتن لە ئاسەوارە مەترسیدارەكانی، ئامادەكاریی باشی لە بەرامبەردا نەكراوە.

ئەمساڵ كە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا وشكەساڵی ڕاگەیەندرا، هەر زوو بۆردی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی پێك هێنرا و، خۆم وەك سەرۆكی دەستەی ژینگە ئامادەی دووەم كۆبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بووم، كە بە سەرپەرشتیی بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و، هەروەها پارێزگارەكان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكان و، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كەشناسی و، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوە چوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا پێداویستییەكانی هەر سێكتەرێك بەپێی ناوچە و پارێزگاكانی هەرێم و، میكانیزمەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی خرایەڕوو، لەو بارەیەشەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوتوێ كران و، بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

هەروەها بڕیار درا كە ڕێكاری پێویست بۆ ڕێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، شایانی باسیشە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی بۆردی باڵا، بۆ تاوتوێكردنی پلانەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی لەسەر كارەكانی بەردەوامە، چونكە بۆ ئێمەی گەلی كوردستان زۆر گرنگە وا بڕوانینە گرفتە ژینگەییەكان، وەك كێشەیەگی گشتگیری جیهانیی تەواوی سەر گۆی زەوی، هەر بۆیە وڵاتانی جیهان لە (22) ی نیسانی هەموو ساڵێك یادی ڕۆژی جیهانیی زەوی دەكەنەوە و، چیرۆكی ئەم ڕۆژەش لەوەوە دەست پێ دەكات، كە لەو ڕۆژەدا لە ساڵی 1970 بە سەركردایەتی سێناتۆر (گایلۆرد نیلسۆن)، بۆ دەرخستنی مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە بە هۆی كارگە پیشەسازییەكانەوە، نزیكەی (20) ملیۆن كەس لە تەواوی ئەمریكادا خۆپیشاندانیان كرد.

خۆپیشاندەران داوای دامەزراندنی ئاژانسی پاراستنی ژینگە و دەرچوواندنی یاساكانی پاراستنی ژینگەیان دەكرد، كە دواجار كۆنگرێس هەردوو داواكانیانی پەسەند كرد و، ئەم ڕۆژەش لە ئەمریكادا بوو بە ڕۆژی زەوی، لە دواییشدا نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی (22)ی نیسانی هەموو ساڵێكی كردە ڕۆژی زەوی، بۆ گشت جیهان. ئەم ڕاگەیاندنەش ددانپێدانانێكە بەو ڕاستییەی كە زەوی و سیستمە ئیكۆلۆژییەكەی، سەرچاوەی سەرەكیی ژیان و بژێویی گشت دانیشتووان و گیانلەبەرانە. هەروەها ددانپێدانانێكە بە بەرپرسیارێتیی گشتیی كە ڕاگەیاندنی كۆنگرەی زەوی لە (ریۆدی جانیرۆ) لە ساڵی (1992) داوای كردووە، بۆ زیاتر تەبایی و كۆكبوون لەگەڵ سرووشت و زەویدا، لە پێناو دابینكردنی هاوسەنگییەكی دادپەروەرانە لە نێوان پێداویستییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی نەوەكانی ئێستا و داهاتوودا.

وەك وەبیرهێنانەوەیەكیش لە ساڵی (2013) لە ڕۆژی جیهانیی زەویدا، (بان كی مۆن) سكرتێری پێشووی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: «رۆژی جیهانیی دایكە زەوی دەرفەتێكە بۆ دووبارە جەختكردنەوە لە بەرپرسیارێتیی هەموومان، بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سرووشتدا، لەو كاتەی كە هەسارەكەمان ڕووبەڕووی مەترسیی گۆڕانی كەشوهەوا و خراپ بەكاربردنی دەرامەتەكان و زۆر كێشەی دیكە دەبێتەوە، كە دەستكردی مرۆڤەكانن، بۆیە كاتێك دەبینە هەڕەشە لەسەر هەسارەكەمان، ئەوسا خۆمان ئەم ماڵە تاقانەیەی خۆمان دەڕووخێنین، با پەیمان تازە بكەینەوە بە بۆنەی ئەم ڕۆژە جیهانییەوە، ڕێز لەم دایكە زەوییەمان بگرین».

بۆ یادكرنەوەی ساڵانەی ڕۆژی زەوی، لە پێناو هاندانی ملیۆنەها لە دانیشتووانی گۆی زەوی بۆ بونیادنانی ژینگەیەكی تەندروست، بەردەوام لە ڕێگەی سەوزكردنی كۆمەڵگەكان لە سەرتاسەری جیهاندا، نەتەوە یەكگرتووەكان دروشمی جیا جیا هەڵدەبژێرێت، چونكە ئەمڕۆ نیوە زیاتری دانیشتووانی جیهان لە نێو شارەكاندا دەژین، بۆیە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و ئاسەوارەكانی گۆرانی كەشوهەوادا، پێویستە ستایڵی ژیانیش لە نێو شارەكاندا بگۆڕێن، بە ئاراستەی سەوزكردن.

لەم بۆنەی ڕۆژی زەوییەدا، ئێستا كاتی وەبەرهێنانە لە بواری وزە نوێبووەوەكان و، دووبارە بونیادنانەوەی شار و شارۆچكەكانمان و، دەستكردن بە چارەسەركردنی كێشەی كەشوهەوا، بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا و، بە جووڵەیەكی خێرا، ئاسەواری باشی ئەم گۆڕانكارییە دەربكەوێت.

لە (22)ی نیسانی هەموو ساڵێكدا نزیكەی یەك ملیار كەس لە (190) دەوڵەتدا، بۆنەی ڕۆژی زەوی بەرز و زیندوو ڕادەگرن، لە ڕێگەی چاندنی نەمام و پاككردنەوەی نێو شار و پەیوەندیكردن بە نوێنەرەكانیانەوە و، زۆر چالاكیی دیكەی ژینگەپارێزانە.

ساڵانە لەم بۆنەیەدا تیشك دەخرێتە سەر كێشە و ڕێگرییە كۆن و نوێیەكان، بەتایبەت مەسەلەی دەركەوتنی زیانە زۆرەكانی گردبوونەوەی دانیشتووان لە شارەكانداو، چۆڵكردنی گوند و لادێكان، بۆیە لەگەڵ دەركەوتنی زیانە گەورەكانی گۆڕان لە كەشوهەوادا، پێویستە ئێمەش لە كوردستاندا ئەم هەنگاوانە بە ئەركی خۆمان بزانین:

1- بەخۆداچوونەوە بەو شێوازە هەڵەیەی ژیانكردن كە زۆرێك لە مرۆڤەكان ئالوودەی بوون.

2- گرنگیی گەڕانەوە بۆ نێو سرووشت و هەڵسوكەوتی هاوڕێیانەی مرۆڤ لەگەڵ سرووشتدا.

3- هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە كولتووری سەوزكردن و چاندنی زانستییانە.

4- كەم بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل و، بایەخدان بە پایسكل و پیادەڕۆیی.

5- باش بەكارهێنانی ئاو و، دووركەوتنەوە لە زیادەڕەوییكردن لە بەكارهێنانیدا.

6- چاوخشاندنەوە بە دیزاینی شارەكان و، گۆڕینی وەبەرهێنانیش بۆ وەبەرهێنانی ژینگە دۆست.

7- سیاسەتێكی نوێی ژینگەپارێزانەی بەردەوام پەیڕەو بكەین، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت وغاز و، ژمارە و جۆر و قەبارە و شوێنی پاڵاوگە نەوتییەكان .

8- هەوڵدانی بەردەوام بۆ ئامادەكردنی تاك و كۆمەڵگەیەكی بەرپرسیار، لە رێگەی هۆشیاری و یاساپارێزییەوە.

هەر لەم بۆنەیەدا گرنگە هاوكاریی نێودەوڵەتیی بگاتە ئاستێكی باڵای ئەوتۆ، كە دەوڵەتان پێكەوە بە هاوبەشیی و بەرپرسیارانە هەوڵەكانیان یەك بخەن، بۆ پاراستنی زەوی، بەتایبەت لەم ڕۆژەدا كە كۆبونەوەی ئۆنڵاینی لوتكەی سەركردەكانی جیهانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ دانانی پلانی نوێ بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و مەترسییەكانی گەرمداهاتنی زەوی.

لێرەوە بایەخی یەكێك لە سەرەكیترین پێكهێنەرەكانی ژینگە دەردەكەوێت، كە ئەویش ئاوە، بۆیە (22)ی ئاداری هەموو ساڵێك، بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی (دێسەمبەر) ی ساڵی (1992)ـەوە كراوە بە ڕۆژی جیهانیی ئاو، بەم بڕیارەش (ئەنجومەنی جیهانیی ئاو) وەك ڕێكخراوێكی تایبەت بە باس و توێژینەوەكانی ئاو دامەزرا و، ئەم ئەنجومەنەش ڕاسپێردرا بۆ ڕێكخستنی (كۆڕبەندی جیهانیی ئاو)، كە هەر سێ ساڵ جارێك كۆنفڕانسێكی جیهانی سازدەكات، بۆ ماوەی یەك هەفتە.

لە ئاستی عێراقیشدا، لە بەرواری 19/6/2011 وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق داوای ڕەزامەندیی كرد، بۆ پەسەندكردنی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش لە دانیشتنی ژمارە (26)ی ڕۆژی 31/5/2011 بە بڕیاری ژمارە(196)ی ساڵی (2011) ڕەزامەندیی نیشان دا، لەسەر پێكهێنانی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتیی لایەنە پەیوەندیدارەكان .

 بۆیە ئەنجومەنی شوورای دەوڵەتیش لە بەرواری 28/2/2012 وردەكارییەكانی خۆی لەسەر یاساكە تەواو كرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (24)ی بەرواری 5/6/2012 ڕەزامەندیی نیشان دا، لە سەر پڕۆژە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، فەرمانگەی یاساییشی ڕاسپارد بۆ هەمواركردنی، بەو جۆرەی كە سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕیی ئەنجومەنەكە دابین بكات و، پەڕلەمانی عێراقیش پەسەندی بكات.

بەپێی لێدوانی حكومەتی عێراق (ئەم ئەنجومەنە كاردەكات بۆ دانانی سیاسەتێكی دوورمەودا و ستراتیژی، بۆ دابینكردنی بەشە ئاوی عێراق لە ئاوە نێودەوڵەتییە هاوبەشەكان و، پاراستنی دەرامەتە ئاوییەكان و باش بەكارهێنانی و دابەشكردنی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، لە نێوان هەرێم و پارێزگاكان و بوارە بەكارهێنەرەكانیدا، چونكە ئاو بابەتێكی گرنگی پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە).

ئەم ئەنجومەنە - وەك ئاماژەی بۆ كراوە – بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتیی هەریەك لە جێگرەكانی سەرۆك وەزیران و هەر یەك لە وەزیرانی دەرەوە و سەرچاوە ئاوییەكان و كشتوكاڵ و پلاندانان و كارەبا و پیشەسازیی و شارەوانیی و ژینگە و زانست و تەكنەلۆژیا و كاروباری پارێزگاكان و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و، وەزیرانی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هەروەها ئەم ئەنجومەنە دوو لیژنەی دەبێت:

یەكەم: لیژنەیەكی باڵا بۆ دانوستان سەبارەت بە ئاوە نێودەوڵەتییە هاوبەشەكان، بە سەرۆكایەتیی وەزیری دەرەوە و ئەندامێتیی وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەكان و كشتوكاڵ و ژینگە و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی.

دووەم: لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاوە نێوخۆییەكان، بە سەرۆكایەتیی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و، ئەندامێتیی هەریەك لە وەزیرانی پلاندانان و كارەبا و پیشەسازی و شارەوانی و ژینگە و زانست و تەكنەلۆژیا و كاروباری پارێزگاكان و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و، وەزیرانی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە وا بڕیار دراوە كە ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو، فەرمانگەیەكی شارەزایانی هەبێت، كە پێك دێت لەو پسپۆڕانەی كە لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی نێو ئەنجومەنەكەن، كاری ئەم فەرمانگەیەش بریتی دەبێت لە ئامادەكردنی توێژینەوەی پەیوەست بە سیاسەتەكانی ئاو و كشتوكاڵ و ژینگە و، ڕاوێژكاری لە سەر ئەو بابەتانەی كە لەلایەن لیژنە ناوبراوەكانی ئەنجومەنەوە ئاراستە دەكرێن و، ئامادەكردنی ڕاپۆرت لە بارەی بەدواداچوونی ئەو پلانە نیشتمانییە خاوەن ڕەهەندە ستراتیژییانەی، كە ئەنجومەن بڕیاریان لەسەر دەدات.

هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئاو هەوڵ دەدات بۆ زیادكردنی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانداو، هەوڵدان بۆ بنیاتنانی بەنداوێكی نوێ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی ئاوی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەردا.

 

Top