سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27 ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە جەنەرال ریچارد بێل جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد .
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو ، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سوریا تاووتوێ کرا.
جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا ، وێڕای ستایشکردنی قارەمانیێتی و قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند ، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و یارمەتیدانی پێشمەرگە و هەماهەنگیی ئەمنی لەگەڵ سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش. لەم ڕووەوە کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدراەی هەرێم بە هەنگاوێکی ئەرێنی دانرا.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی و هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و دووپاتی کردەوە کە بۆ تێکشکاندنی داعش و تیرۆر بە گشتی ، پێویستە هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر بنبڕ بکرێن. ئاماژەشی بە گرنگیی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش کرد لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەو هیوایەی ببێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی سزادانی تیرۆریستانی داعش و هێنانەدی دادپەوەریی و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان.

Top