بەئەلیکترۆنی کردنی مووچەی پێشمەرگە دەكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە
لە ڕاگەیاندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا دوای كۆبوونەوە لەگەڵ (یان تێن هۆڤ) ڕاوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا کۆڵۆنێڵ و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتدا جەخت لەسەر بەئەلیکترۆنی کردنی مووچەی پێشمەرگە كرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە كە داتابەیسێکی ناوەندی لە وەزارەت و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان و بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان دروستدەکرێت بۆ ئەوەی پرۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت.
شایانی باسە ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ڕێكخستنی مووچەی پێشمەرگەو كارمەندانی وەزارەتەكەدایە، كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەم پلانە بكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە و زانیاری و داتایەكی ڕوون لەبەردەستدا بێت، كە لە هەموو ڕوویەكەوە وەك ئامارێكی گشتی لە بواری دابەشكردنی مووچەو تەرخان كردنی شایستە داراییەكان سوودی لێ ببینرێت.
گوڵان- بەهادین جەلال