ئاسته‌نگه‌كان بۆ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو زیاتر ده‌بن

ئاسته‌نگه‌كان بۆ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو زیاتر ده‌بن

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ ئاشكراكردنی ناوی ئه‌و تاوانبارانه‌ی له‌ تشرینی 2019 ه‌وه‌ تائێستا چالاكوان و رۆژنامه‌نووسان ده‌كوژن، خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ له‌ به‌غدا به‌ریوه‌ ده‌چێت، له‌ هه‌مانكاتدا بڕیاری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ به‌كارهێنانی كارتی ئه‌لیكترۆنی ئاسایی بۆ ده‌نگدان كه‌ زیاتر له‌ 1.5 كارته‌، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی دروستكردووه‌ و هاوڵاتیان و به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كارته‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ ئاساییانه‌ هاوشانی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ده‌نگدان به‌كار بهێنرێنه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مان سیناریۆی ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌مه‌ش جیا له‌وه‌ی له‌وانه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك هێزی سیاسی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، له‌هه‌مانكاتدا ئاستی به‌شداری هاوڵاتیانیش به هاوشێوه‌ی ئاستی به‌شداری 2018 نزم ده‌بێت و نیشانه‌ی پرسیار ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.
ئه‌م لایه‌نه‌ كه‌وه‌ك دیووه‌ هێمنه‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن سه‌یر ده‌كرێت، دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی وه‌ك دیوه‌ گه‌رمه‌كه‌ی سه‌یر ده‌كرێت كه‌ رۆژ له‌دوای رۆژ هه‌وڵه‌كان بۆ تیرۆركردنی كاندید و چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌ هه‌ڵكشاندایه‌ و ، هه‌روه‌ها رۆژ له‌دوای رۆژیش رۆڵی ئه‌و گروپانه‌ی خاوه‌نی هێزی چه‌كدارین زیاتر له‌ ترس و تۆقاندنی خه‌ڵك ده‌رده‌كه‌ون و ده‌موده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگریه‌كانی حكومه‌تی عێراقیش ناتوانن ئه‌و تاوانبارانه‌ ئاشكرا بكات و ته‌نیا شتێك كه‌ حكومه‌تی عێراق توانیبیه‌تی به‌رامبه‌ر به‌م گروپانه‌ بیكات ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌ قسه‌كردووه‌ و به‌گروپی له‌ یاسا ده‌رچوو ناوی بردوون، به‌ڵام ئێستا به‌شێكی به‌رچاوی په‌رله‌مانتار و چالاكوانانی عێراق ، سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م هه‌لویسته‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن و به‌ ئاشكرا ده‌ڵێن ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ یاسا ده‌رچوونین به‌ڵكو زۆر به‌ریكوپێكی له‌ناو هێزه‌ سیاسیه‌كاندا ریكخراون و بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان به‌كاریان ده‌هێنێن.
له‌ناو ئه‌م واقیعه‌ ئاڵۆزه‌دا ئاراسته‌ی بۆچوونه‌كان به‌وجۆره‌یه‌ هه‌رگیز هه‌ڵبژاردنێكی پاك و ئازاد له‌ عێراقدا به‌ریوه‌ ناچێت و ، هه‌تا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش له‌ ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو بكرێت، ئه‌وا گۆرانكارییه‌ روونادات كه‌ مه‌زنده‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ هیچ دوور نیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ كۆتایی به‌ پرۆسه‌ و سیستمی سیاسی له‌ عێراقدا بهێنێت.

Top