لەسەر داوای بایدن، بلینكن سەردانی (4) شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات
ئەنتۆنی بلينكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند كە بە نیازە سەردانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات بۆ پشتیوانیكردن لە ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین.
بلینكن لە تویتێكدا نوسیویەتی: لەسەر داوای سەرۆك بایدن، سەردانی قودس و ڕامەلڵا و قاهیرەو عەممان دەكەم، بۆ دیداری لایەنەكان و پشتیوانیكردن لە چەسپاندنی ئاگربەست. ئەو زیاتر دەڵێت: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە شێوەیەكی دیبلۆماتیی چڕەوە هاتووەتە مەیدانەوە بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕو پێكدادان و بۆ سووككردنی گرژییەكان.
لە ڕووەوە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دووپاتیان كردەوە كە وەزیری دەرەوە ئەمڕۆ دووشەمەمە بەروە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ دەكەوێت بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئیسڕائیل و فەڵەستین لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاگربەستەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس كە زۆرترن كوژراوو بریندارە كاولكاری لێ كەوتەوە.
بلينكن یەكەم جار دەچێتە قودس و چاوی بە سەرۆكی ئیسڕائیل رۆفين ريفلين و سەرۆك وەزیران بنيامين نەتانياهۆ و بەرپرسانی دیكە دەكەوێت، دواتر لە ڕامەڵلا مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستین و بەرپرسانی دیكەی فەڵسەستینی دەبینێت.
لە قاهیرەش لەگەڵ سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە كۆدەبێتەوە، دوا وێستگەی سەردانەكەیشی بۆ ماوەیەكی كورت لە عەممان چاوی بە عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن دەكەوێت.
گوڵان- بەهادین جەلال