به‌در زیادی له‌ فراكسێۆنی سائیرون په‌رله‌مانی عێراق: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو هه‌ڵبژاردن له‌ عێراقدا ئه‌نجام نادرێت

به‌در زیادی له‌ فراكسێۆنی سائیرون په‌رله‌مانی عێراق: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو هه‌ڵبژاردن له‌ عێراقدا ئه‌نجام نادرێت


له‌ گه‌ڵ هه‌ڵكشانی هه‌وڵه‌كان بۆ تیرۆر كردنی كاندید و چالاكوانانی عێراقی ،رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ شاره‌كانی باشور و ناوه‌راستی عێراق ، باردۆخی ئه‌منی به‌ره‌و نا سه‌قامگیریه‌كی زیاتر ده‌چێت و ، ئه‌و ده‌نگانه‌ زیاتر ده‌بن كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هیچ مومكین نیه‌ بتوانرێت له‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو هه‌ڵبژاردن له‌ عێراقدا ئه‌نجام بدرێت و، له‌مه‌ش زیاتر له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ دزه‌یان كردووه‌ كه‌ باردۆخی ناسه‌قامگیری عێراق گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی باس له‌ گۆڕینی حكومه‌تی كازمی ده‌كرێت و بیر له‌ حكومه‌تێكی رزگاری نیشتمانی بكرێته‌وه‌.
به‌در زیادی په‌رله‌مانتاری عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی سائیرونی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در ، كه‌ هه‌ر پێشوه‌خته‌ ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق یان ده‌بێت ئه‌ندامی ته‌یاری سه‌در بێت، یان ده‌بێت په‌سه‌ندكراوی ته‌یاری سه‌در بێت، له‌میانه‌ی ئاماده‌بوونی له‌ به‌رنامه‌ی ( لعبه‌ الكراسی ته‌له‌فزیۆنی شه‌رقیه‌)ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی سائیرون هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ر ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام كه‌سه‌یری باردۆخی ئاسایش و سیاسیی عێراق ده‌كه‌ین، هه‌رگیز ناگه‌ینه‌‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ له‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو بتوانرێت هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ئه‌نجامبدرێت و، ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌وه‌ بین كه‌ په‌رله‌مان ئه‌م خوله‌ی خۆی ته‌واو بكات و له‌ ئایاری 2022 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبده‌ین.
سه‌باره‌ت به‌ باردۆخی ناسه‌قامگیری و بوونی چه‌ك به‌ده‌ستی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ هه‌م باڵی سیاسی و باڵی سه‌ربازیان هه‌یه‌ ، ئیحسان شه‌مه‌ری تۆژه‌ری سیاسی له‌ هه‌مان به‌رنامه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد " كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسیه‌ نه‌ریتیه‌كانی عێراق و ئه‌وانه‌ی ئێستا ته‌حه‌كوم به‌ سیاسه‌تی عێراقی ده‌كه‌ن بڕوایان به‌ ده‌ستور نیه‌ و له‌مه‌ش خراپتر ده‌ریانخست كه‌ پرۆژه‌ی ئیسلامی سیاسی له‌ حكومرانی عێراقدا فه‌شه‌لی هێناوه‌ بۆیه‌ ده‌زانن ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجامبدرێت به‌ پاك و بیگه‌ردی ئه‌وان پێگه‌ی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌بیانووی جۆراو به‌ په‌نابردن بۆ چه‌ك و تیرۆر كردنی كاندید و چالاكوانانی مه‌ده‌نی ژینگه‌ی سیاسی ناسه‌قامگیر بكه‌ن و گه‌ره‌نتی ئاسایش نه‌مێنێت و باردۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خراپتر به‌رن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا كاره‌سات له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی دروست ده‌كات و ده‌رگای سیناریۆی جیاواز ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان دابه‌شبوونی عێراقه‌.

Top