هەرێمی كوردستان و فەرەنسا: پێویستە پەلە بكرێت بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە كەركووك و خانەقین
لە كۆبوونەوەیەكی جەعفەر شێخ مسەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی سەربازیی فەرەنسا بە سەرۆكایەتیی كۆلۆنێل ئاشیل فەرماندەی هێزە سەربازییەكانی فەرەنسا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریاو ژمارەیەك لە بەرپرسانی سەربازییدا، هەردوولا كۆك بوون لەسەر پەلەكردن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە بەشداریی هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لە سنووری كەركووك و خانەقین.
دوای كۆبوونەوەكە ، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە باس لە دواپەرەسەندنەكانی دۆخی ئەمنی لە ناوچەكەو هەڕەشەكانی ئەم دواییەی تیرۆریستان كراوە بۆ سەر پێگەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە هەردوو بەرەی كەركوك و خانەقین. هەروەها گفتوگۆ لەسەر هاوئاهەنگیی سەربازی و پلاندانان كراوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش. ڕۆڵی فەرەنساش لە پێشكەشكردنی یارمەتیی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێو دەوڵەتی بە گرنگییەوە هەڵسەنگێنرا.
گوڵان - بەهادین جەلال