لۆبیکردن بۆ فەلەستین نابەجێیە، لەکاتێکدا خۆمان لە کێشەداین ..

لۆبیکردن بۆ فەلەستین نابەجێیە، لەکاتێکدا خۆمان لە کێشەداین ..

 

پێموایە هەندئ لە کوردەکان شەمەندەفەرەکە جێی هێشتبن!. ئاخر دۆستی هەرە نزیکی فەلەستینیەکان، تورک و عەرەب و فارسەکانن.. بئ ئاگا لەوەی کورد ببێ بە ئەسحابەش لای ئەوانە قابیل بە جینۆسایدکردن و ئەنفالکردن و کیمیابارانکردن و بئ نیشتیمانکردنین!.
مەسەلەی فەلەستین و سەلاحدینی ئەیوبی م وەک یەک دێتە بەرچاو، فەرموون مێژوو دەدوئ: سەلاحەددینی ئەیوبی کورد بوو، وە دەیتوانی کارێک بکا ئێستاش کورد حەساوە بێت و نەیکرد !. خۆ ڕەنگە دەربارەی ئەوە بیانووی ئەوە بهێندرێتەوە کە ئەو سەردەمە هەستی نەتەوایەتی نەبوو، بەڵام ڕاست نییە و ناڕاستی ئەوەش بەشی ئەوە دەکا گلەیی لە جەنابی سەلاحەددین بکەین. ئیسلام، چەندین دەقی هەیە لە سوودی کورددا بێ و ڕێمان بدا داوای مافی ڕەوای خۆمان بکەین. بەڵام کە هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز، یان لایەنە ئیسلامییەکان ئەو دەقانە بەکار ناهێنن، ئیتر من دەستیان لێ دەشۆم و هیوایەک بەمانە نامێنێ. لەکاتێکدا تورک و فارس و عەرەب ئایین لە بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و ئێمەش لەوان موسڵمانترین و بەدرێژایی ژیان دەمانچەوسێننەوەو مافمان دەخۆن و گیانمان دەسێنن! دەق هەیە پشتم بگرێ، هەندێک مەلای بەڕێز لێمی دەشاریتەوەو دەیان دەقیش بۆ پشتگرتنی عەرەبەکان و خاکەکەیان دەخاتە روو!؟ مەلاکانی ئەوانیش، لە ئاستی ئەو دەقانەدا بەرامبەر بە سیاسیەکان و سەرانی ووڵاتەکەیاندا کوێرن کە مافی سەربەخۆبوون و ئازادیبوون و کیانهەبوون و باقی تری مافەکان بە کورد دەدا.
مەسەلەیەکی کورد هەیە دەڵێ: “تەشیڕێس تەشیڕێس بێ، بە کلکی کەریش بێ دەیڕێسێ!” ئێمەش ئەگەر خۆمان میللەتێکی سەرڕاست و خۆویست بین، ئیسلامی بین یا کۆمۆنست یا دیموکرات، ناکرێ لە لوتکەی ئینتیمای نەتەوەییمان بێینە خوارێ. بە شانازیەوە ئیسلام پڕە لە ڕێنمایی بۆ پابەندبوون و پەیوەست بوون بە خاک و نیشتیمان و نەتەوەییمان، کۆمۆنیزمیش پڕە، سۆسیالیزمیش پڕە، لە ڕاستیدا سوودمان لە هیچیان وەرنەگرتووە!. بەداخەوە ئێمە دەبین بە ئیسلام کوردبوونمان دەسپێرین بە قیامەت! بەداخەوە دەبین بە کۆمۆنست کوردبوونمان دەدەین بە ئاودا! بەداخەوە دەبین بە دیموکرات کوردبوونمان دەکەین بە پرسیار و دەڵێین براین و نیشتیمانی ئێمەش هی ئەوانە! هەرچی ئینتیمای نەتەوایەتییە نەیانهێشتۆتەوە..
ئیتر (خودا) بڵئ چی کە ئێمە خۆمان نەبین ..؟!

ئیسلام لە ئێمە غەریب نییە و لە بەرژەوەندیی کوردیشدایە، خودا ئێمەی وەک کورد خوڵقاندووە، نازانم بۆچی ئیسلام لە کورد نامۆدەکەن و بە ئاشکرا بە داگیرکەرو بێگانەکان ناڵێن ئێمەش هەین، دروستکراوی خودا ین!. ئیسلام تورکیایەکی بۆ تورک دروست کرد کە یەک بستی هی خۆیان نەبوو!. ئیسلام ئێرانێکی گەورەی لە ژێردەستەیی عارەب پاراست و کردی بە خاوەنی وزەی ئەتۆم! سەلاحەدین ئەیووبی کە کورد بوو ئیسلامی بەکار هێنا بۆ بناغەدانان بۆ دەیان وڵاتی عەرەبی! ئەی ئیسلام بۆچی پشتی لە کورد کرد؟! نا باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوێ کورد کۆیلە بێ، باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوئ کورد بئ کیان و بئ دەوڵەت بئ، باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوئ کوردو کوردستان داگیر بکرئ، باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوئ لە سێدارەبدرێین و ژێرخاک بخرێین بە کۆمەڵ یان کیمیا باران و رەشەکوژ بکرێین و ڕۆڵەکانمان شەهید بکرێن، باوەڕ ناکەم ئیسلام بیەوئ مامۆستایەکی ئایینی بەڕێز یان هەر مرۆڤێکی تر ئینتیمای بۆ خاک و نیشتیمانی نەتەوەیەکی بێگانە هەبێت و بۆ خاک و نیشتیمانی خۆی نەیبئ !.
نا ئەوە هەندئ لە کوردەکانی خۆمانە دەقەکانی ئیسلام وەک خۆی وەرناگرن و خۆیان دەکەن بە کەرەسەی کۆیلایەتی ئایدۆلۆژیای داگیرکارو بێگانەکان، فرمێسکی تیمساحی بۆ خاکی خەڵک دەرێژن بەڵام بئ دەنگن لە ئاست ئەم هەموو تاوان و نادادیی و داگیرکاریەی بەرامبەر بە خاک و خەڵکی خۆمان دەکرئ.
پێم وایەو باشتر وایە کورد دەبئ لە بنەڕەتەوە، واتە لە پەروەردەوە كار بۆ لاواز كردنی ئیسلامی سیاسی بكات. بە واتایەكی دیكە لە رێگای سیستمێكی پەروەردەیی ئیسلامی وەک خۆی و دوور لە بەسییاسی کردنی ئیسلامی بەرەوڕووی ئەوان مەلا و ئەوان حزبە ئیسلامیە سیاسیانە ببێتەوە کە بەردەوام ئینتیمای بێگانەپەرستیان لە خوێن چەکەرە دەکات.



Top