وەزیری پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند كە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق هەیە

وەزیری پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند كە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق هەیە

وەزیری پێشمەرگەی لەكاتی بەسەركردنەوەی هەردوو میحوەری باشیک و خازردا باسی لەوەكرد، لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق درووستبووەو جێگای بایەخە.
پێگەی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتە كە رۆژی پێنجشەممە 13/5/2021 شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی جەژندا بە یاوەریی سەرۆکی دەستەی ئەرکان و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی مووسڵ کرد.
له‌ومیانەدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ میحوه‌ری باشیك و خازری به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ میحوه‌ری خازر لەلایەن لیوا عەزیز وەیسی فه‌رمانده‌ی گشتیی زێره‌ڤانییەوە پێشوازیی لێکرا. لەو سەردانەدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتی: وه‌ك وه‌زاره‌ت پشتیوانیی خۆمان بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و لۆجیستی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه دووپات دەکەینەوە‌ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و تێکشکاندن و لەناوبردنیان.
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ هاوكات لەسەردانەكەیدا دوا سەنگەری بەرگریی هێزی پێشمەرگەی لە چیای زەرتک كرد و داوای کرد جەژن بکرێتە هەوێنی نزیککردنەوە و رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر پشتگیری و پشتیوانییان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاوەكو هێزی پێشمەرگە بەجۆرێك بنیادو بەهێزبێت بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی نیشتمانی سەربازیی سەربەخۆی هاوچەرخ.
وەزیری پێشمەرگە وتیشی: دۆخی ئێستا وا دەخوازێت هەمووان هاوکار و هەماهەنگیی پێشمەرگە بن بۆ ئەمەش داوای کرد پشتیوانیی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت. هەروەها وەزیری پێشمەرگە ئاشکراشی کرد: ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق ئێستا هەیە ئەوە جێی بایەخە و ئومید دەكەن ئەو لێكتێگەیشتنەكە بگاتە رێککەوتنێکی گشتگیر کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتیی تیرۆریستانی لێبکەوێتەوە.


ئامادەكردنی: گوڵان/ ساڵح عومەر
Top