حكوومه‌تى هه‌رێم ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ى ئانكارا ده‌كات

حكوومه‌تى هه‌رێم ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ى ئانكارا ده‌كات
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئانكارای ئیدانه‌كرد و رایگه‌یاند "به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كى ڕێكخراوه‌كانى له‌ ئانكارای پایته‌ختى توركیا كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌شداربووان، گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون كه‌ خۆیان بۆ چالاكییه‌كى مه‌ده‌نى له‌پێناو ئاشتیدا ئاماده‌ ده‌كرد".

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:

به‌ توندى ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ گردبوونه‌وه‌یه‌كى ڕێكخراوه‌كانى له‌ ئانكارای پایته‌ختى توركیا كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ به‌شداربووان، گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون كه‌ خۆیان بۆ چالاكییه‌كى مه‌ده‌نى له‌پێناو ئاشتیدا ئاماده‌ ده‌كرد. پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ كه‌سوكار و گه‌ل و حكوومه‌تى توركیا ده‌كه‌ین و هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداران ده‌خوازین.

دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ له‌ كاتێكدا نیشانه‌یه‌كى ڕوونى فراوانبوونى مه‌ترسیى تیرۆره‌ كه‌ ڕووبه‌رێكى گه‌وره‌ى له‌ ناوچه‌كه‌ گرتووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ڵگه‌یه‌ى دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌گشتى، ده‌بێ به‌ گیان و ئیراده‌یه‌كى به‌هێزتره‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و تیرۆرستان ببنه‌ و له‌پێناو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرستاندا و بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى گه‌وره‌تر بكه‌ن.

هیوادارین ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م كاره‌ تیرۆریستییه‌ ئاشكرا و ده‌سگیر بكرێن و له‌به‌رده‌م دادگا و یاسادا به‌ سزاى خۆیان بگه‌ن، هه‌روه‌ها هیواخوازین ئه‌م تاوانه‌ نه‌بێته‌ هۆى دروستبوونى ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى دیموكراسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى توركیادا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
10.10.2015
Top