سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ بە پرۆژەكەی رووسیا دەدات

سبەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ بە پرۆژەكەی رووسیا دەدات
نێردەی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، بەیانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگ بە پرۆژە پێشنیازکراوەکەی رووسیا دەدات، بۆ وشککردنی سەرچاوەی داهاتی دارایی چەکدارانی داعش، کە هەفتەی رابردوو نێردەی رووسیا رەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردبوو.

كەسی زایتسیف، گوتەبێژی نێردەی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند:" ئامانج لە دەنگدانی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە سەر پرۆژەکەی رووسیا، بۆ زیاتر فشارخستنەسەر ئەو حکومەتانەیە، کە یارمەتی چەکدارانی داعش دەدەن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن".

لە پرۆژە یاساکەی رووسیادا هاتووە، سەرچاوەی داهاتی چەكدارانی داعش خۆی لە فرۆشتنی نەوت و شوێنەوارەكان دەبینێتەوە، لەگەڵ وەرگرتنی باج.

رووسیا لە رێگەی پرۆژە پێشنیازکراوەکەیدا، دەیەوێت هەر سێ سەرچاوەکەی داهاتی داعش وشک بکات، هەروها هەوڵدەدات ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش رازیبکات دەنگ لە سەر قەدەغەکردنی هەموو مامەڵەیەکی نەوتی یا هەر مامەڵەیەکی دیکە بدەن لەگەڵ چەکدارانی داعش، یا بەرەی نووسرە یاخود هەر رێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی بێت، لە لایەن هەر دەوڵەتێکەوە.

بە گوێرەی پرۆژە یاساکەش ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ چەکدارانی داعش دەکەن، وەکو هاوکاری تیرۆرستان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

5-2-2015 نێردەی رووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش پرۆژە پێشنیازێکی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، بۆ وشککردنی سەرچاوەی داهاتی دارایی چەکدارانی داعش.
Top