باڵەفڕەكانى توركیا گوندەكانى بنارى قەندیل بۆردمان دەكەن

باڵەفڕەكانى توركیا گوندەكانى بنارى قەندیل بۆردمان دەكەن
ئەمڕۆ پێنجشەم بەڕێوەبەڕى شارەدێى وەرتىَ رای گەیاند، شەوى رابردوو باڵەفڕە شەڕوانییەكانى توركیا چەند گوندێكیان لە سنووری شارەدێى سەنگەسەر بۆردمان كرد و ئەو شوێنانەش نێزیكن لە سنوورى وەرتىَ.
كوێستان ئەحمەد بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"شەوى رابردوو سەعات 23:30 باڵەفڕە شەڕوانییەكانى توركیا گوندەكانى لێوژىَ، ئێنزىَ و گەلى تەورێیان لە سنوورى شارەدێى سەنگەسەر/11 كم رۆئاواى قەڵادزێ/ بۆردمان كرد و بەهۆى ئەو بۆردمانەوە ئاگر لەو شوێنانە كەوتووەتەوە و ئەو باڵەفڕانە بۆ چەندان جاریش بەسەر گوندەكانى پردەشاڵ، بۆكریسكان و زارگەڵى لە سنوورى شارەدێى وەرتێ/60 كم باكورى رۆهەڵاتى رواندز/ سوڕاونەتەوە\"".

زیاتر گوتى\"" ئەو ناوچانەى بۆردمان كراون، زۆر نێزیكن لە سنوورى وەرتىَ و بە قسەى خەڵكى ناوچەكە زیاتر لە 10 باڵەفڕى شەڕوانى بوونە كە ئەو شوێنانەیان بۆردمان كردووە، ئەوەش بووەتە هۆى دروستبوونى ترس و دڵەڕاوكێ لاى خەڵكى ئەو گوندانە، بەڵام زیانی گیانى لێ نەكەوتووەتەوە\"".

زۆرجار ناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان و بە تایبەت بنارى چیاى قەندیل رووبەڕووى تۆپبارانى سوپاى ئێران و توركیا دەبنەوە، ئەویش بەبیانووى بوونى شەڕوانانى پارتى ژیانى ئازادی كوردستان (پژاك) و پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) و تا ئێستە بەو هۆیەوە زیانێكی بەرچاو بەدانیشتووان و ژینگەى دەڤەرەكە گەیشتووە و لە ساڵانى رابردووش زیانى گیانیشى لێ كەوتووەتەوە.















"
Top